رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە چەند پرسێکی هەستیار و داهاتووی پارێزگای حەسەکە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی سووریا، بڕیاردراوە چوار رۆژ مۆڵەت بدرێتە هەسەدە بۆ راوێژکردن تاوەکو پلانێکی ورد بۆ میکانیزمی بەڕێوەبردنی ناوچەکە دابڕێژن، کە ئەو بە "تێکەڵکردنی ناوچەکان بە شێوەیەکی کردەیی" ناوی بردووە.
یەکێک لە خاڵە بنچینەییەکانی ئەم لێکتێگەیشتنە ئەوەیە، ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێ، هێزە سەربازییەکانی سووریا ناچنە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان و تەنیا لە دەوروبەریان دەبن.
گەرەنتی بۆ ناوچە کوردنشینەکان و پۆستە باڵاکان
حکومەتی سووریا بەڵێنی داوە، هێزە سەربازییەکان نەچنە نێو هیچ شوێنێکی کوردنشینەوە، و تەنیا هێزە ئەمنییە خۆجێییەکان (لە خەڵکی ناوچەکە) بەرپرس دەبن لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ئەو ناوچانە.
لەبارەی پۆستە کارگێڕی و سەربازییەکانیش، بڕیاردراوە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بەربژێر بۆ پۆستی "یاریدەدەری وەزیری بەرگری" و بەربژێر بۆ پۆستی "پارێزگاری حەسەکە" پێشنیاز بکات.
هەروەها نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمان) دیاری دەکرێن و لیستێک لە ناوی شەڕڤان و کارمەندان ئامادە دەکرێ بۆئەوەی لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەت دابمەزرێن.
مافی کورد و کاتی جێبەجێکردن
سەرۆکایەتیی سووریا دەڵێ، سەرجەم هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە لەنێو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا تێکەڵ دەکرێن؛ هەروەها مەرسوومی ژمارە 13 کە تایبەتە بە مافە زمانەوانی، کولتووری و مافەکانی وەڵاتینامەی کورد جێبەجێ دەکرێن.
بڕیارە جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە لە کاژێر 08:00ـی ئەمشەو (سێشەممە) دەستپێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ