رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی ورد لەناو شاری شەدادێ و دەوروبەری، توانیویانە 81 چەکداری داعش دەستگیر بکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە رووداوێکی تەمومژاویدا ژمارەیەکی زۆر زیندانی لەو زیندانە هەڵاتن.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، کە پشتی بە زانیاریی سەرچاوەکانی خۆی بەستووە، نزیکەی 120 چەکداری داعش لە زیندانی شەدادێ لە گوندەواری حەسەکە هەڵاتبوون، کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدەدا بوو. دوای ئەم رووداوە، یەکەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بە یاوەریی یەکەکانی ئەرکە تایبەتەکانی وەزارەتی ناوخۆ چوونە ناو شارەکە و دەستیان بە گەڕان و پشکنین کرد بۆ راوەدوونانی هەڵاتووەکان.
حکومەتی دیمەشق جەختی کردەوە، هەوڵە ئەمنییەکانیان بە هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ و دەزگای هەواڵگریی گشتی بەردەوام دەبن تاوەکو هەموو هەڵاتووەکان دەستگیر دەکرێنەوە و رێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
هەسەدە: چەکدارانی حکومەت دەرگا بۆ زیندانییانی داعش دەکەنەوە
دووشەممە 19-01-2026 هەسەدە رایگەیاند، بەهۆی هێرشی "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق،" کۆنترۆڵی زیندانی شەدادێ-یان لەدەستداوە. هەسەدە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەردەکەوێت چەکدارانی سەر بە حکومەت هێرش دەکەنە سەر زیندانەکە و دەرگەکانی بۆ "هەزاران داعش" دەکەنەوە. لە بەرامبەردا سوپای سووریا هەسەدەی تۆمەتبار کرد بەوەی، بە ئەنقەست داعشی ئازاد کردووە بۆ تێکدانی سەقامگیری.
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بە رووداوی راگەیاند، تەنیا لە زیندانی شەدادێ 1500 چەکداری داعش بەردراون و ئێستا شەڕی ئەوان دەکەن.
هەسەدە: دیمەشق زیندانەکانی داعش و کەمپەکان دەکاتە ئامانج
زیندانی شەدادێ دەکەوێتە شارۆچکەی شەدادێ لە باشووری پارێزگای حەسەکە. بەپێی زانیارییەکانی هەسەدە، ئەم زیندانە شوێنی دەستبەسەرکردنی نزیکەی 1000 چەکداری داعشە.
پێشتر ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە هۆشداریی دابوو لەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بە مەبەستی دروستکردنی پشێوی، زیندانەکانی داعش و کەمپەکان دەکەنە ئامانج.
هەسەدە هۆشداریی دا، ئەم هێرشە لەم کاتە هەستیارەدا مەترسییەکی گەورە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات، رێگە بۆ دروستبوونی پشێوی و تیرۆر خۆش دەکات.
سیناتۆرێک: هەڵاتنی ئەو چەکدارانە دۆزەخ بەرپا دەکات
لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی هۆشدارییەکی تووندی داوەتە دیمەشق کە ئەگەر هێرشەکان رانەگیرێن، رووبەڕووی سزای "کەمەرشکێن" دەبنەوە.
گراهام داوای لە واشنتن کردووە، "بە هەر هۆکارێکی پێویست بێت" راستەوخۆ دەستوەردان بکات بۆ پاراستنی زیندانەکانی داعش لە سووریا، چونکە بە گوتەی ئەو، هەڵاتنی ئەو چەکدارانە کارەساتە و دەبێتە هۆی "بەرپابوونی دۆزەخ" لە تەواوی ناوچەکەدا.
"مەترسی لەسەر کەمپی هۆل هەیە"
شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی هێرشەکانەوە مەترسی لەسەر کەمپی هۆل لە حەسەکە و کەمپی رۆژ لە دێرکا حەمکۆ دروستبووە."
هەردوو کەمپەکە ماڵباتی چەکدارانی داعشی تێدان و دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە، کە هێزە ئەمریکییەکان پاراستنی کەمپەکانیان گرتبێتە ئەستۆ.
هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی، "گۆڕانکاری رووینەداوە، پێشتریش کەمپەکان ناوەوەیان لەلایەن ئاسایشی نێوخۆ و دەرەوەشی لەلایەن هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە پارێزراوە و ئێستاش هەروایە."
بە گوتەی شێخمووس ئەحمەد، "ئەو زیندانییانەی داعشیان تێدا بەند کراوە لەلایەن هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دەپارێزرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ