وەزارەتی بەرگریی سووریا: دۆخی گرتووخانەی ئەقتان لە رەققە ئارامە و هیچ پێکدادانێک نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی سووریا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە بوونی شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەری گرتووخانەی ئەقتان لە رەققە دەکەن و دەڵێت، "گرتووخانەکە بە تەواوی پارێزراوە." ئەمەش لە کاتێکدایە هەسەدە دەڵێت، گرتووخانەکە گەمارۆ دراوە و ئاوی لەسەر بڕدراوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی وڵاتەکە (سانا)ی راگەیاند، هیچ راستيیەک بۆ ئەو هەواڵانە نییە کە باس لە روودانی پێکدادان دەکەن لە دەوروبەری گرتووخانەی ئەقتان لە شاری رەققە.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا جەخت لەوە دەکاتەوە، "گرتووخانەی ئەقتان بە تەواوی پارێزراوە و هێزەکانی پۆلیسی سەربازی و ئاسایشی ناوخۆ لە دەوروبەری گرتووخانەکە بڵاوەیان پێکراوە و جێگیر کراون."
 
لەبارەی رەوشی نێو گرتووخانەکەش، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بەشێوەیەکی بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەی ئەقتان بۆ دابینکردنی تەواوی پێداویستییە داواکراوەکان.
 
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، رۆژی سێشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2026، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گرووپە چەکدارەکان دوای گەمارۆدان و بۆردوومانکردنی راستەوخۆی باڵەخانە و دامەزراوەکانی زیندانی ئەقتان لە باکووری رەققە، ئێستا ئاویان لەسەر زیندانەکە بڕیوە، کە زیندانییانی داعشی تێدایە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم رێکارە بووەتە هۆی "قەیرانێکی سەختی دابینکردنی ئاو، لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرچاوی خۆراک و پێداویستیی پزیشکی."
 
هەسەدە ئەو کردەوانە بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێوەرە مرۆییەکان" ناودەبات و دەڵێت، "ژیانی زیندانییەکان دەخاتە مەترسییەوە."
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات بەرپرسیارێتیی تەواوی هەر دەرهاویشتەیەکی مرۆیی یان ئەمنی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی راگوزەری سووریا، داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، "بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی زیندانەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەربازێکی سوپای عەرەبیی سووریا لەبەردەم زیندانێک لە ڕەققە وەستاوە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە: Bakr Alkasem/AFP

زیندانی ئەقتانی رەققە گەمارۆدراوە؛ 2000 زیندانیکراوی داعشی تێدایە

سەرچاوەیەک لە پارێزگای رەققە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیندانی ئەقتان لە پارێزگاکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە گەمارۆدراوە و هەسەدە بەرگرییەکی تووند دەکات. گوتیشی، "2000 چەکداری داعشی تێدایە."