نوێنەری مەسەدە لە واشنتن: لەگەڵ دیمەشق باسی تێکەڵکردن دەکرێت، نەک هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە

21-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
ئەندامێکی هێزەکانی هەسەدە
ئەندامێکی هێزەکانی هەسەدە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) بە رووداوی راگەیاند، دانوستاندنەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق هێشتا لە قۆناخی سەرەتادان و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکاش لە دەربڕینی پاڵپشتی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شەڕی دژی داعش بەردەوامن.
 
سینەم محەممەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن، لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رۆژی هەینیی رووداو دا، کە نالین حەسەن پێشكێشی کرد، گوتی، گفتوگۆکانی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئابێ حەمادە، کۆنگرێسمانی ئەمریکی، رەنگدانەوەی بەردەوامیی پشتیوانیی واشنتنە بۆ هێزە زۆرینە کوردییەکە.
 
قسەکانی نوێنەری مەسەدە دوای ئەوە هاتن، نووسینگەی حەمادە هەمان رۆژ بڵاویکردەوە، کۆنگرێسمانەکە و مەزڵووم عەبدی بە پەیوەندیی ڤیدیۆیی قسەیان کردووە.
 
نووسینگەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژەی بەوە کرد، فەرماندەی گشتیی هەسەدە سوپاسی کۆنگرێسمانەکەی کردووە بۆ دیاریکردنی رێکخەرێک بەمەبەستی دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی روفاتی کایلا مویلەر، ئەو چالاکڤانە ئەمریکییەی لە ساڵی 2013 لە لایەن داعشەوە رفێندرا و دواتر لە 2015 کوژرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، مەزڵووم عەبدی ستایشی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کردووە بۆ هەڵگرتنی بەشێک لە سزاکانی سەر سووریا و داوای بەردەوامیی پاڵپشتیی ئەمریکای بۆ "حکومەتی فرەلایەنی" کردووە.
 
سینەم محەممەد، کە خۆی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووە، گوتی، ئەمە یەکێکە لەو زنجیرە کۆبوونەوانەی لە چەند مانگی رابردوودا لەنێوان بەرپرسانی هەسەدە و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا کراون.
 
نوێنەری مەسەدە گوتی، "ئەوان لە رۆڵی گرنگی هەسەدە لە تێکشکاندنی تیرۆر تێدەگەن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا بەردەوام جەخت لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکەنەوە.
 
گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامن
 
سینەم محەممەد گوتی، هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە "دانوستاندنی ناوبەناو" لەگەڵ حکومەتی سووریا بەردەوامن و گوتی، "گفتوگۆکە لەسەر ئەوەیە شێوازی تێکەڵبوونەوەکە چۆن دەبێت؛ باسەکە ئەوە نییە هەسەدە دابەش بکرێ یان هەڵبوەشێتەوە، بەڵکو ئەوەیە وەک هێزێکی رێکخراو لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بمێنێتەوە."
 
خانمە دیپلۆماتەکە ئاماژەی بەوە کرد، کۆنگرێسی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێریی ئەو پەیوەندییانە دەکات؛ گوتیشی، "هەمیشە دەپرسن: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ دیمەشق بە کوێ گەیشتوون؟ ئەوان دەیانەوێ لە ئاراستەی دانوستانەکان تێبگەن."
 
نوێنەرەکەی مەسەدە ئەوەشی خستەڕوو کە واشنتن هەر جۆرە لابردنێکی سزاکانی 'یاسای قەیسەر' دەبەستێتەوە بە باشتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە سووریا، پاراستنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، و وەرگرتنی دڵنیایی لەوەی حکومەتی راگوزەری سووریا تۆڵە لە دانیشتووانی ناوچەکە ناکاتەوە.
 
هەوڵەکان بۆ سیستمێکی ناناوەندی
 
سینەم محەممەد گوتی، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای سیستمێکی ناناوەندی دەکات، وەک بەشێک لە چارەسەری داهاتوو بۆ سووریا.
 
ئەو خانمە دیپلۆماتە لەو بارەوە گوتی، "ئێمە سیستمێکی سیاسیی نوێمان دەوێ کە لەسەر بنەمای ناناوەندیبوون بێت. ئەمە تەنیا داواکاریی کورد نییە، بەڵکو عەرەب، کریستیان، عەلەوی و دروزیش سیستمێکیان دەوێ نوێنەرایەتیی هەموو سووریاییەکان بکات و رێگری لە گەڕانەوەی فەرمانڕەوایی ناوەندی بکات."
 
سینەم محەممەد پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە ئەرکی هەسەدە تەنیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی داعش نییە، بەڵکو پاراستنی دانیشتووانی جیاجیای ناوچەکەیە و گوتیشی، "پاراستنی هەموو گەلانی سووریا؛ کورد، عەرەب، کریستیان و ئەوانی دیکە، مەرجی سەرەکیی هەر چارەسەرێکی سیاسیی بەردەوامە."
 
پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا
 
نووسینگەی حەمادە رایگەیاند، کۆنگرێسمانەکە پیرۆزبایی لە مەزڵووم عەبدی کردووە لە بەرامبەر "دیپلۆماسیی سەرکەوتوو لەگەڵ دیمەشق و تورکیا" و دووپاتیکردووەتەوە کە هێشتنەوەی پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سووریا گرنگە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئامانجی بەرپرسانی ئەمریکا "هێشتنەوەی دەرگای پەیوەندییەکانە بە کراوەیی لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە سووریا،" وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی شەڕ.
 
سینەم محەممەد دەڵێت، ئەو پەیوەندییانە زۆر گرنگن و گوتی، "بوونی ئەمریکا و پشتیوانییەکەی لە دانوستانەکاندا زۆر گرنگە. بێ ئەوە، دەترسین هیچ گەرەنتییەک بۆ مافەکانی خەڵکی ناوچەکە نەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خانوویەک کە بە بۆردوومانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا وێران بووە. وێنە: رووداو

رووداو لە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل لە سووریا؛ شایەتحاڵان باسی "شەوێکی پڕ لە ترس" دەکەن

تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو چووە گوندی بێت جن لە باشووری سووریا، تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوەی هێزێکی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی لەنێو گوندەکەدا کرد کە بەهۆیەوە 13 کەس کوژران و زیاتر لە 20ـی دیکەش بریندار بوون. پەیامنێری رووداو لەگەڵ شایەتحاڵانی رووداوەکە قسەی کرد کە باسیان لە "شەوێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن" و هێرشی "فڕۆکە، گوللـەتۆپ و مووشەک" کرد