لە هێرشێکی درۆنیدا لە سووریا دوو چەکداری سەر بە قاعیدە دەکوژرێن

25-02-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشێکی درۆنیدا کە دەگوترێت رۆژی هەینی لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە ئەنجامدراوە، دوو چەکداری سەر بە رێکخراوی قاعیدە لە سووریا کوژران. 
 
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دوو چەکدارەکە لە کاتی رۆیشتنیان بە ماتۆڕسیکلێک لە نزیک گوندی قاهـ لە پارێزگای ئیدلب کە کە دەکەوێتە نزیک سنووری تورکیا، بوونەتە ئامانجی مووشەکی درۆنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
 
هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی دەستبەجێ لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یان سوپای ئەمریکا کە سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکە دەکات، لەبارەی هێرشەکەوە نەبوو. 
 
بە درێژایی ساڵانی رابردوو، ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی ناوبەناوی کردووەتەسەر ئەو ئامانجانەی کە پێی وابووە سەر بە قاعیدەن.
 
هاوکات بەرگریی شارستانیی سووریا ناسراو بە کڵاو سپییەکان باسی لەوە کردووە، کارمەندەکانی ئاگرێکیان کوژاندووەتەوە کە لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی کەوتبووەوە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە، "دوو کەسی نەناسراو" کوژراون کە یەکێکیان عێراقی بووە. 
 
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، دوو چەکدارەکە سەر بە رێکخراوی "حوراسوددینن" کە لە دەستەی تەحریری شام جیابووەتەوە. تەحریری شام پێشتر بە بەرەی نوسرە دەناسرا و لقێک بوو لە قاعیدە، دوایین پێگەیان کە بەدەستەوە ماوە، شاری ئیدلبە. 
 
لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، هێرشێکی درۆنیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە ئیدلب بووە هۆی کوژرانی ئەبو حەمزەی یەمەنی، کە ئەندامێکی باڵای حوراسوددین بوو. 
 
لە ساڵی 2017، لە هێرشێکی دیکەی ئەمریکادا ئەبو خەیری میسری، یاریدەدەری پێشووی بن لادن و دووەم کەسایەتیی قاعیدە لە سووریا کوژرا. 
 
برێت مەکگۆرک، نێردەی پێشووی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەو کات گوتی، ئیدلب گەورەترین پەناگەیە بۆ قاعیدە لە دوای ئەفغانستانی سەردەمی بن لادن دروستبووبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە