سووریا سیستمێکی نوێی باج دادەنێت و زۆربەی فەرمانبەران ناگرێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی سووریا کار دەکات بۆ کاراکردنی سیستمێکی نوێی باج لە چەند هەفتەی داهاتوودا و وەزیری دارایی دەڵێت، ئامانج لێی ئاسانکاریی رێکارەکان و کەمکردنەوەی بارگرانیی داراییە.
 
محەممەد یاسر بەرنیە، وەزیری دارایی سووریا رایگەیاند، لە سیستمە نوێیەکەدا "باجی داهات لە 15% زیاتر نابێت، لە کاتێکدا باجی فرۆشتن بە 5% جێگیر دەکرێت."
 
وەزیری دارایی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، سیستمە نوێیەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە هاووڵاتییانی کەمداهات دەپارێزێت و گوتی، "هەر فەرمانبەرێک داهاتی ساڵانەی لە 50 ملیۆن لیرە کەمتر بێت، لە باجی داهات دەبەخشرێت. ئەم بڕیارەش بە نزیکەیی هەموو فەرمانبەرانی دەوڵەت دەگرێتەوە."
 
50 ملیۆن لیرەی سووریی کۆن یەکسانە بە 500 هەزار لیرەی نوێ، کە بەپێی نرخی فەرمیی لیرە لە بانکی ناوەندیی سووریا، دەکاتە نزیکەی 4545 دۆلار.
 
بە گوتەی بەرنیە، ئەم هەنگاوە بۆ فراوانکردنی بنکەی باج و زیادکردنی داهاتی دەوڵەتە بەبێ ئەوەی گوشار بخرێتە سەر چالاکییە ئابوورییەکان، چونکە ئێستا رێژەی داهاتی باج بەراورد بە بەرهەمی ناوخۆیی لە سووریا، یەکێکە لە نزمترین رێژەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە.
 
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی سووریادایە بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی ئابووریی وڵاتەکە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی خۆدزینەوە لە باج و رەخساندنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان، کە هاوکار بێت لە پرۆسەی بوژانەوەی ئابووریی سووریا دوای ساڵانێکی درێژ لە شەڕ و ئاڵۆزی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە