جێگری وەزیری بەرگریی سووریا: بە چوار درۆن هێرشکرایە سەر بنکەی قەسرەک

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا سەرکۆنەی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دەکات و عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت لەو هێرشانەی لە خاکەکەیەوە دەکرێنە سەر سووریا.
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 29-3-2026 سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگریی سووریا، لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە حەسەکە و رایگەیاند: "بنکەی قەسرەكی ئەمریکی کە لەسەر خاکی سووریایە، لە رێگەی چوار درۆنەوە هێرشی کرایە سەر."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی جێگری وەزیری بەرگری، ئەو درۆنانە لە "خاکی عێراقەوە" ئاراستە کراون، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکەیان، هەر چواریان خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێنەکەوتووەتەوە.
 
بنکەی قەسرەک دەکەوێتە نێوان تل تەمەر و تل بیدەر لە باشووری رێگەی ئێم فۆر لە پارێزگای حەسەکە. 
 
بنکەکە لە 2015ەوە دامەزراوە، بە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین بنکە لۆجیستییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی ئەمریکا دادەنرێت. ئەم بنکەیە خاوەنی کۆگای گەورەی سەربازی و فڕگەی تایبەت بە فڕۆکەکانی گواستنەوەی سەربازییە.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا، حکومەتی عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت لەم هێرشانە و دەڵێت: "داوا لە عێراق دەکەین رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە، کە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن."
 
ئەمە دووەم هێرشی لەو شێوەیەیە، کە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لە خاکی عێراقەوە دەکرێتە سەر رۆژئاوای کوردستان. شەوی دووشەممە 23-3-2026 بە مووشەک هێرش کرایە سەر بنکەی "خراب جیر" لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کە هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و ئاسایشی گشتی سووریای تێدا جێگرن.
 
دوو رۆژ دوای هێرشەکەی سەر بنکەی خراب جیر، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان چوار کەسیان دەستگیر کردووە، کە تێوەگلاون لە ئاراستەکردنی چەند مووشەکێک لەنێو خاکی عێراقەوە بەرەو سووریا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤیدیۆی ئاهەنگی نەورۆز لە دیمەشق

لە دیمەشق بۆ یەکەم جار نەورۆز وەکو جەژنێکی نیشتمانی پیرۆز کرا

هەنا بالی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کۆبانێیە و بەشداری ئاهەنگەکەی دیمەشقی کردووە، ئەو بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە بە رووداوی گوت: "بێئەندازە دڵخۆشم، ساڵ و نیوێک بوو لە منبج بووم و زۆر تامەزرۆ بووم ئەم رۆژە ببینم. بە رێگەیەکی زۆر سەخت و ناڕەحەتدا خۆم گەیاندە ئێرە، چونکە دەمگوت ئایا دەبێت ئەو رۆژە ببینم یان نا؟ سوپاس بۆ خودا کە بینیم و زۆر خۆشحاڵم."