رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا پێی وایە سووریا دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی گەورەی وزە لە ناوچەکەدا، تەنانەت ببێتە شوێنگرەوەی گەرووی هورمز و دەریای سوور، باڵیۆزی سووریاش لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە رووداوی گوت، سووریا کاتێک دەتوانێت ببێت بەو ناوەندەی وزە کە هەموو گەلانی وڵاتەکە بە کورد و پێکهاتەکانی دیکەش بەیەکەوە کۆبکاتەوە.
دوای چەندین ساڵ لە داخرانی هەموو دەرگەکان، ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار لە واشنتن، سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بە کەرتی وزەی سووریا بەڕێوەچوو و تێیدا تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و ئیبراهیم عولەبی، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک بەرپرس و کەسایەتی و بازرگانی سووریش بەشداربوون.
ئیبراهیم عولەبی بە رووداوی گوت: ''رێگەی ئەوەی سووریا ببێتە ناوەندێکی وزە ئەوەیە بەر لە هەموو شتێک هەموو پێکهاتەکانی سووریا بەیەکەوەبن و بەیەکەوە کاربکەن بۆ هەبوونی سووریایەکی یەکگرتوو و بەهێز کە هاوبەشی سەرچاوە سرووشتییەکانیان بکەن."
دەشڵێت: هەر بەشێکی سووریا خاوەن سەرچاوەی جیاوازە، هەیە بەندەری هەیە، هەیانە نەوت و هەشیانە کشتوکاڵ تاوەکو دوایی.. هەروەها سووریا دەوڵەمەندە هەم لە رووی سەرچاوەی وزە هەمیش لە رووی توانای هەناردەکردن و هاوردەکردنی سەرچاوە سرووشتییەکان. "بۆیە یەکەمین شت بۆ ئێمە بەیەکەوەبوونمانە، کە حکومڕانییەکی باشمان هەبێت، ژێرخان و یاسای باشمان هەبێت، هەروەها خاڵی بەیەکگەیشتنی باش و توانای پێکەوە کارکردنمان هەبێت.''
لەو کۆبوونەوەیەدا بە وردی توانای سەرچاوە سرووشتییەکانی سووریا و هەروەها سنووری سووریا بە بازاڕە جیهانییەکان باسکرا، ئاماژە بەوە درا، سووریا خاوەن وڵاتێکی دەوڵەمەندە لە سەرچاوەی سرووشتی و هەڵکەوتە جوگرافییەکەیشی یارمەتیدەرە تاوەکو بتوانێت رۆڵێکی گرنگی هەبێت لە گواستنەوەی وزەی جیهاندا.
مەیسن هەتاهت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سریڤیۆم بە رووداوی گوت: گەشبینییەکی زۆر هەیە، بەتایبەتیش کە لە کوێ هاتووین و بەرەو کوێ دەڕۆین، وزەیەکی زۆر هەیە و کۆمپانیای زۆریش هەن کە خواستیان هەیە وەبەرهێنان بکەن، ئەوەی هەیە لەسەر کات و چوارچێوە یاساییەکان وەستاوە، هەروەها لەسەر یاسا داراییەکان وەستاوە، ئەوەی دیکە تەنیا جێبەجێکردنی کارەکان ماوە.
بەشێکی ئەم گفتوگۆیانەش تایبەت بوون بە پرسی کورد لە سووریا و تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە حکومەتی سووریا، بەو پێییەی بەشێکی زۆری سەرچاوە سرووشتییەکان دەکەونە رۆژئاڤای کوردستان و بەبێ هاوئاهەنگی و رەزامەندی کورد، داهاتووی وزەی سووریا سەرکەوتوو نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ