رووداو دیجیتاڵ
بە سروود، هێما نەتەوەییەکان و هەڵپەڕکێی کوردی، سەدان کوردی نیشتەجێی دیمەشق لە گەڕەکی (مەشرووع دومەر) جەژنی نەورۆزی 2026یان پیرۆز کرد. ئاهەنگەکەی ئەم ساڵ تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەبوو، چونکە بۆ یەکەم جار بە فەرمی وەک جەژنێکی نیشتمانی لە سووریا ناسێندرا.
هەنا بالی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کۆبانێیە و بەشداری ئاهەنگەکەی دیمەشقی کردووە، ئەو بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە بە رووداوی گوت: "بێئەندازە دڵخۆشم، ساڵ و نیوێک بوو لە منبج بووم و زۆر تامەزرۆ بووم ئەم رۆژە ببینم. بە رێگەیەکی زۆر سەخت و ناڕەحەتدا خۆم گەیاندە ئێرە، چونکە دەمگوت ئایا دەبێت ئەو رۆژە ببینم یان نا؟ سوپاس بۆ خودا کە بینیم و زۆر خۆشحاڵم."
نەورۆز؛ لە جەژنێکی نەتەوەییەوە بۆ جەژنێکی نیشتمانی
بەپێی مەرسوومی ژمارە 13ی سەرۆکی سووریا، ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار نەورۆز وەک جەژنێکی نیشتمانیی سووری لە قەڵەم درا، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ دانپێدانان بە مافەکانی کورد لەو وڵاتە دەبینرێت.
عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دیمەشق، دەربارەی ئەم هەنگاوە دەڵێت: "ئەمە هەنگاوی یەکەمە و ئێمە لە تێکۆشان بەردەوام دەبین. مافی گەلی کورد تەنیا لە زمان و کولتووردا کورت نابێتەوە، بەڵکو مافێکی سیاسی و نەتەوەییە. ئێمە بۆ چارەسەری پرسی کورد و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانمان بەردەوام دەبین لە خەبات."
ئاهەنگەکانی نەورۆز لە دیمەشق لە دوو ناوەندی جیاواز بەڕێوەچوون. جگە لە هاووڵاتییان، شاندی باڵیۆزخانەکان و نوێنەرانی حکومەتی سووریا ئامادەی مەراسیمەکان بوون. هەروەها لەسەر ئاستی بەرپرسانی ناوچەکە، نوورەدین عیسا، پارێزگاری حەسەکە، لەگەڵ سیامەند عەفرین، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەردانی دیمەشقیان کرد و بەشدارییان لە ئاهەنگ و شادیی هاووڵاتییاندا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ