رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەبۆنەی جەژنی نەورۆز ئاهەنگێکی جەماوەری لە شاری حەلەب بەڕێوەچوو. هەزاران کەس بەشدارییان کرد لە نەتەوە، پێکهاتە و بەرپرسیاریەتی جیاواز. لە کاتی گەڕانەوەی کوردانی عەفرین کە بۆ بەشداری ئاهەنگەکە چووبوونە شارەکە لەلایەن ژمارەیەک هاووڵاتییەوە هێرشیانکرایە سەر. لەوێ سوکایەتی بە ئاڵای کوردستانکرا و لە ژمارەیەک هاونیشتمانیش درا.
وردەکاری رووداوەکە چییە؟
رۆژی شەممە، 21ی ئاداری 2026، ئاهەنگێکی گەورەی جەژنی نەورۆز لە ناوچەی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب بەڕێوەچوو. ئەم ئاهەنگە کە دوای 15 ساڵ بۆ یەکەمجار بە فەرمی رێکخرابوو.
موسلیم محەممەد، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا (پەدەکەسە) بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی 10 هەزار کەس لە ئاهەنگەکەدا کە ژمارەیەکیان بەرپرسانی سووریا بوون لەوێ بوون، لەوانەش عەلی حەنوورە، جێگری پارێزگاری حەلەب.
موسلیم محەممەد گوتی، ئاهەنگەکەش بە سروودی نیشتمانیی (ئەی رەقیب) دەستی پێکرد. ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئامادەبووان خەڵکی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون و لە کاتی گەڕانەوەیان لە دەوربەری کاژێر 5:00ی ئێوارە لە لایەن دەیان کەسەوە لەسەر رێگە لە سنووری دەروازەی تەلڕەفعەت و ئەعزاز رێگریان لێکرا.
وەک موسلیم محەممەد گوتی، ئەو کەسانە بە شێوەیەکی زۆر خراپ مامەڵەیان لەگەڵ هاونیشتمانییە گەڕاوەکاندا کرد، لەوانەش ئاڵای کوردستانیان لێ سەندوون و سووتاندوویانە، سووکایەتی بە خەڵکەکە کراوە و "ئازاریان داون و جامی ئۆتۆمبێلەکانیشیان شکاندوون.
قەدەخەی هاتووچۆ لە عەفرین
دوای رووداوەکە لە عەفرین گردبوونەوە دروستبوو و لە بەشێکی شارەکەشدا هێرشکرایە سەر ژمارەیەک هاونیشتمانی.
لە کاردانەوەی ئەو رووداوەدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی عەفرین لە راگەیێندراوێکدا قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند و بڵاویکردەوە، قەدەخەی هاتووچۆ لە کاژێر 08:00ی ئێوارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 02:00ی بەرەبەیان بەردەوام دەبێت.
ئاسایشی عەفرین ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە لەپێناو پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی سووریا نراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی عەفرین داوای لە دانیشتووانی شارەکە کردووە رێز لە سیمبوولە نیشتمانییەکان بگرن و بەهاکانی برایەتی و پێکەوەژیان بپارێزن. لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە سەرپێچیکاران و هاتووە: "بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرێتەبەر کە سەرپێچیی بڕیارەکە بکات، ئەوەش بە مەبەستی چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی."
یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا: داوا لە نیشتمانپەروەران دەکەم خۆیان بەدووربگرن لەوەی پەلکێشی ناو ئاژاوە بکرێن
سیپان حەمۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا سەبارەت بە رووداوی هێرشکردنە سەر هاونیشتمانیان لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بەهۆی روداوێکی تاکەکەسی کە تێیدا گەلی کورد لە حەلەب و هەندێک لە دەوروبەری رووبەڕووی هێرش و سووکایەتی بوونەوە، ئەوە روون بووەتەوە کە هەندێک کەس چاوەڕێی رووداوی لەو شێوەیە دەکەن بۆ نانەوەی دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریادا."
یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا داوای دانبەخۆداگرتنی لە هاووڵاتییان کرد و گوتی، "داوا لە نیشتمانپەروەران دەکەین ئارام بگرن و پابەندی روحی نیشتمانی بن، و خۆیان بەدوور بگرن لەوەی پەلکێشی ناو فیتنە بکرێن."
بەپێی نووسینەکەی یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا، هۆکاری هێرشکردنە سەر هاونیشتمانیان لە تۆڵەی داگرتنی ئاڵای سووریا بووە لە کۆبانێ و ئاماژەی بەوە کرد، "جەخت دەکەینەوە کە ئەو کەسانەی ئاڵای سووریایان لە شاری کۆبانێ هێنایە خوارەوە، و ئەو کەسانەی سووکایەتی بە کوڕانی گەلی کورد و سیمبولەکانیان دەکەن، خاوەنی هەمان عەقڵیەتن کە بەدوای دابەشکاری و فیتنەدا دەگەڕێن."
حەمۆ لە نووسینەکەیدا داوایەکی لە هاووڵاتییان کرد و نووسی، "دەبێت هەموومان پێکەوە دژی ئەم کارە رەتکراوانە بووەستین، و کار بکەین بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو سوورییەکاندا. داوا لە هەمووان دەکەین لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، بەردەوام بن لە پیرۆزباییکردن لە ئازیزانیان، و رێزی یەکدی بگرن سەرەڕای جیاوازی نەتەوە و ئایینەکان. هەر کەسێک سووکایەتی بە ئاڵای سووریا کردبێت یان دەستدرێژی کردبێتە سەر کورد و سیمبولەکانیان، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا: دەبێت بەیەکەوە کار بۆ پێکەوەژیان بکەین
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە کاردانەوەی رووداوەکە و نووسینەکەی سیپان حەمۆدا لە ئێکس نووسی، "دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە، بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی سووریا و رێزگرتن لە ئاڵای سووریا کە نوێنەرایەتی هەموو سوورییەکان دەکات"؛ دەشڵێت، "ئەمانە وشەی گرنگن و نیشانەی سەرکردایەتییەکی مەزنن لە ساتەوەختێکی هەستیاردا."
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، "هێنانەخوارەوەی ئاڵای سووریا لە کۆبانێ رەفتارێکی تاکەکەسییە." دەشڵێت، "داوا لە کورد و عەرەب دەکەین لە ئاژاوە دوور بکەونەوە و پارێزگاری لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکەن."
نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای حەلەب: بەدواداچوون بۆ وردەکاری رووداوەکان دەکەین
نووسینگەی راگەیادنی پارێزگای حەلەب لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە رووداوەکە بڵاویکردەوە، "بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی دەوڵەتی سووریا و پابەندبوون بە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 13، کە نەورۆز وەک رۆژێکی نیشتمانی لە کۆماری عەرەبی سووریا دیاری دەکات، پارێزگای حەلەب هەموو ئاسانکاری و پاڵپشتییەکی پێشکەش کرد بۆ رێکخستنی چالاکییە جەماوەرییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە، بەتایبەت لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود و هەردوو ناوچەی کۆبانێ (عەین ئەلعەرەب) و عەفرین."
نووسینگەکە دەڵێت، "لە دوو رووداوی جیاوازدا لە ناوچەکانی کۆبانێ و عەفرین، هەندێک کەس بێرێزییان بەرامبەر ئاڵای دەوڵەتی سووریا ئەنجامدا، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژیی راستەوخۆ لەنێوان ئاهەنگگێڕان بەهۆی ئەم رەفتارە سەرکێشانەیەوە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ وردەکاریی هەردوو رووداوەکە دەکەن بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ئەو کەسانە و لێپرسینەوە لەگەڵیان بەپێی یاسای سووریا، کە هێرشکردنە سەر ئاڵای سووریا وەک یەکێک لە سیمبولەکانی گەلی سووریا بە تاوان دەناسێنێت."
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات: هێنانەخوارەوەی ئاڵای سووریا لە کۆبانێ رەفتارێکی تاکەکەسییە
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (باڵی سیاسی هێزەکانی سووریای دیموکرات) لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە رووداوەکان بڵاویکردەوە، "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەکانی ئەمدواییەی شاری کۆبانێ دەکەین، کە لەسەر بنەمای رەفتارێکی رەتکراوەی هاووڵاتییەک بۆ هێنانەخوارەوەی ئاڵای دەوڵەتی سووریا دەستیپێکرد، و بووە هۆی دروستبوونی کاردانەوەی گرژ لە چەند ناوچەیەک، لەوانە گوندەوارەکانی حەلەب، عەفرین، ئەعزاز، حەسەکە و قامیشلۆ."
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "ئەم رەفتارە کارێکی تاکەکەسییە و گوزارشت لە ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە و هەڵوێستی هێزە نیشتمانییەکان ناکات"؛ هاوکات ئەنجوومەنەکە هەموو ئەو کاردانەوانەی رەتکردەوە کە رەهەندی تۆڵەسەندنەوەیان وەرگرتووە یان لە چوارچێوەی یاسا دەرچوون، چونکە "هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و یەکپارچەیی کۆمەڵگەی سووریا."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "ئاڵای دەوڵەتی سووریا سیمبولێکی نیشتمانیی کۆکەرەوەیە و یەکێکە لە دەربڕینەکانی سەروەریی نیشتمانی، هەروەها سیمبولە کوردییەکانیش بەشێکی رەسەنی ناسنامەی نیشتمانیی فرەچەشنی سووریان، دەستبردن بۆ هەر یەکێک لەم سیمبولانە دەرگا بۆ فیتنە دەکاتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی سووریا ناکات."
گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی سووریا: هێرشکردنە سەر ئاڵای وڵات و بارەگا ئەمنییەکان سەرکۆنە دەکەین
ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی سووریا رایگەیاند، بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە ناخۆشانە دەکەن کە لە ئەنجامی بێریزییکردن بە ئاڵای وڵات لە شاری کۆبانی روویاندا. دەشڵێت، دەوڵەت تەنیا لایەنی بەرپرسە بۆ جێبەجێکردنی یاسا و لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران.
ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژ بە ناوی تیمی سەرۆکایەتی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئێمە بە توندی هەر هێرشێک بۆ سەر سیمبولە نیشتمانییەکان و هەروەها رووداوی هێرشکردنە سەر بارەگای ئاسایشی ناوخۆ لە شاری قامیشلۆ سەرکۆنە دەکەین." ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمی سەرۆکایەتی هەموو جۆرە کارێکی تۆڵەسەندنەوە یان دەستدرێژی بۆ سەر مەدەنییەکان لە ژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت، رەت دەکاتەوە.
هیلالی جەختی کردەوە، "دەوڵەت بە دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکانییەوە، تەنیا لایەنی رێپێدراوە بۆ چەسپاندنی یاسا و لێپرسینەوە لەوانەی یاسا پێشێل دەکەن." داواشی لە هاووڵاتییان کرد ئارام بگرن و روحی بەرپرسیارێتییان هەبێت و خۆیان بەدوور بگرن لەوەی پەلکێشی ناو داواکارییەکانی فیتنە و دووبەرەکی ببن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ