رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەدوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی وڵاتەکەی گوتارێکی پێشکێشکرد و هیوای خواست پرۆسەی چارەسەری دەرگەی قۆناخێکی نوێ واڵا بکات.
لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماریی تورکیا کە ئێوارەی دووشەممە 1-12-2025 بەرێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکی دا جەختی لەسەر هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری کردەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، زوو یان درەنگ، تورکیا هەر بە ئامانجەکانی دەگات و گوتی: "لەگەڵ برا کوردەکانمان، برا عەرەبەکانمان و دۆست و براکانی دیکەمان لە ناوچەکە، رێک ماوەی هەزار ساڵە دڵمان بەیەکەوە لێدەدات. پەنا بەخوا لە داهاتووشدا هەر وەها دەبێت. سوننی، شیعی، کورد، عەرەب یان تورکمان، خوا نیشانی نەدات، ئەگەر یەکێکمان لێی بقەومێ، لە دەرگەی یەکدی دەدەین و پەنا دەبەینە بەر یەکدی، نەوەک بێگانە".
ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بە بوونی هەوڵ بۆ هەرەسپێهێنانی پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "هیوادارم و لەو باوەڕەشدام لەرێی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، ئەو پشتێنەی برایەتییە کە لە ناوچەکەماندا بنیاتی دەنێین، تەواوی پلانە چەپەڵەکان سەروژێر دەکات و یارییە سەدەییەکان تێکدەدات و دەرگەکانی قۆناخێکی نوێ واڵا دەکات".
پرۆسەی چارەسەر رۆژی 1-10-2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد.
لە دوایین هەنگاودا شاندێکی سێ کەسیی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی سەردانی دوورگەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ