شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ ئاکپارتی کۆدەبێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە چوارچێوەی سەردانەکانی بۆ لای پارتە سیاسییەکان، سبەی سەردانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) دەکات.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی دەم پارتی، ئەندامانی شاندەکە کە لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و ئۆزگور  و فایک ئەرۆل پێکدێن، کاژێر 14:00ـی رۆژی شەممە 20ی کانوونی یەکەم، لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی ئاکپارتی دەکەن.
 
هەروەها شاندەکە هەر هەمان رۆژ کاژێر 16:00 لە پەرلەمان لەگەڵ ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی کرێکارانی تورکیا کۆدەبێتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، کاتی کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە دیاری کرا.
 
سەردانەکە بڕیارە رۆژی دووشەممە، 22ی کانوونی یەکەم، لە بارەگای سەرەکیی جەهەپە بەڕێوەبچێ.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، لە ماوەی رابردوودا بەردەوام بوون لە سەردانەکانیان بۆ لای پارتە سیاسییەکان. لەو چوارچێوەیەدا شاندەکە لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی ئاییندە، لە بارەگای سەرەکیی پارتەکە کۆبووەوە.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپەش لە پەرلەمانی تورکیا پێشوازی لە شاندەکە کرد. هەروەها شاندەکە لەگەڵ عەلی باباجان، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دێڤا) کۆبووەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە