دەستنووسێکی ئیحسان نووری پاشا، فەرماندەی شۆڕشی ئاگریی باکووری کوردستان، کە یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتییەکانی مێژووی کورد، دۆزرایەوە.

9 خولەک له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستنووسێکی ئیحسان نووری پاشا، فەرماندەی شۆڕشی ئاگریی باکووری کوردستان، کە یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتییەکانی مێژووی کورد، دۆزرایەوە.
 
دەرکەوتووە کە ئەم "راگەیێندراوە" رەسەنە، نیشانەی تایبەتی و مۆری کۆماری ئاگری لەسەرە و لەلایەن کەسێکی ئەنتیک کۆکەرەوە لە ئەنقەرە کڕدراوە.
 
مێژووناس سەدات ئولوغانا لێکۆڵینەوەی لەسەر پەیامە نووسراوەکە کردووە و رایگەیاندووە، بە رێژەی 99٪ دڵنیایە کە ئەم بەڵگەنامەیە دەستنووسی ئیحسان نووری پاشا خۆیەتی.
 
ئەم پەیامە لەنێو کەلوپەلە بەجێماوەکانی ئیبراهیم ئەدهەم ئاکنجی دۆزراوەتەوە، کە لە ساڵانی 1928 تاوەکو 1931 پارێزگاری ئاگری بووە. 
 
لە پەیامەکەدا ئیحسان نووری پاشا بانگەواز لە خەڵک دەکات و داوا لە سەربازە کوردەکانی نێو سوپای تورکیا دەکات کە خۆیان رادەستی ئەوان بکەن.
 
بزووتنەوەی خۆیبوون و دەوڵەت لە یەک بەڵگەنامەدا
 
لە ئەنجامی بەراوردکردنی لەگەڵ ئەرشیفی ئەرمەنەکان (تاشناک)، دەرکەوتووە شێوازی نووسینەکە تەواو لە شێوازی نووسینی ئیحسان نووری پاشا دەچێت.
 
خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە، ئەم بەڵگەنامەیە لەلایەن دەوڵەتیشەوە ئەرشیڤ کراوە. بۆیە بۆ یەکەمجارە مۆری دەوڵەتی تورکیا و مۆری کۆمەڵەی خۆیبوون لەسەر یەک کاخەز دەبینرێن.
 
راگەیێندراوەکە لەسەری نووسراوە کە رۆژی 11ی تەممووزی 1930 دەرکراوە. وێڕای ئەوەی کۆمەڵەی خۆیبوون بزوتنەوەیەکی سڤیل و سێکولار بوو، بەڵام لەم پەیامەدا ئاماژەی ئایینی زۆر بەکارهاتوون.
 
ئیحسان نووری پاشا لە پەیامەکەیەدا دەڵێت: "سەربازەکان پۆل پۆل دێنە ریزی ئێمە و شۆڕش سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە."
 
راگەیێندراوەکە لە 2ی ئاب کەوتووەتە دەست دەوڵەت.
 
خۆیبوون ئەو بزووتنەوە کوردییە بوو کە ساڵی 1927 دروستبوو و دواتر شۆڕشی ئاگری بەرپا کرد.  
 
بەشێک لە نێوەڕۆکی بەیاننامەکە:
 
"گەلی بەڕێز! رۆڵە سەربازەکانمان،
کۆماری ئەنقەرە دژایەتی ئیسلام دەکات و نامووسی ئێمە پێشێل دەکات... زوڵمی مستەفا کەمال و (...) گەیشتووەتە ئاسمان. شۆڕشگێڕەکانمان لە هەموو لایەکەوە سەردەکەون. سەربازە بەڕێزەکان پۆل پۆل خۆیان رادەستی ئێمە دەکەن و چەکەکانیان روو لەو حکومەتە دەکەن کە دووژمنی ئایینە. مەترسن و وەرن، دین و نامووستان پارێزراو دەبێت."
 
"ئەی موسڵمانانی بەڕێز، ئەمە راگەیێندراوی کۆمەڵەی خۆیبوونە. هەموومان براین. کەس دەست بۆ ئێوە نابات. فەرمان دراوە کە ماڵ و گیان و نامووستان بپارێزرێ. بە دڵێکی ئاسوودەوە لە ماڵی خۆتان دانیشن."
 
بەڵگەنامەیەکی بەنرخی مێژوویی
 
سەدات ئولوغانا دەڵێ، ئەم بەڵگەنامەیە وەک رەشنووسێک بووە کە رەنگە بۆ مەلا سونەڵڵا، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاگری نێردرابێت بۆ ئەوەی چاپ بکرێ و بڵاو بکرێتەوە. مەبەستی سەرەکیش کاریگەری دروستکردن بووە لەسەر دەروونی سەربازانی لایەنی بەرامبەر بۆ ئەوەی خۆیان رادەست بکەن، بەتایبەت لە کاتێکدا کە کۆمەڵکوژییەکەی "زیلان" بەردەوام بوو.
 
ئولوغانا دەڵێ: "بە کورتی، ئەم بەڵگەنامەیە زۆر بەنرخە بۆ مێژووی کورد، چونکە زانیاری دەدات لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی سیاسی، جەنگی دەروونی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شۆڕشەکە."
 
شۆڕشی ئاگری تەنیا شۆڕشی هۆزەکان نەبووە
 
ئەو کەسەی بەڵگەنامەکەی کڕیوە و نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەڵگەنامەی دیکەشی لایە، لەوانە دەستنووسێکی کۆنی ئەحمەدی خانی.
 
ئەنتیک کۆکەرەوەکە دەڵێ: "ئەم بەڵگەنامەیە دەیسەلمێنێت شۆڕشی ئاگری تەنیا شۆڕشی هۆزەکان نەبووە، بەڵکو سیاسی و رێکخراو بووە". 
 
"لە راگەیێندراوەکەدا باس لە 'پێنج ساڵ ئاڵۆزی' دەکات کە مەبەستی بەستنەوەی ئەم شۆڕشەیە بە شۆڕشی 1925ی شێخ سەعیدەوە".
 
"گرنگترین شت لەم بەڵگەنامەیەدا هەبوونی مۆری (بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی ئاخۆرک)ە. ئاخۆرک کە ئێستا گوندی یەنیدۆغانە لە بازید، شوێنێکی ستراتیجی بوو. ئەم مۆرە دەیسەلمێنێت کە کۆمەڵەی خۆیبوون لەو ناوچانەی ئازادی کردوون، تەنیا هێزی سەربازی نەبووە، بەڵکو دامودەزگەی کارگێڕی و سڤیل وەک بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی دامەزراندووە.
 
هەروەها ئەوەی سەرنجڕاکێشە، لەسەر هەمان کاخەز دوو شتی دژ بەیەک هەن. دیوێکیان بانگەوازی شۆڕش و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە (11ی تەممووز)، دیوەکەی دیکەشیان تۆماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیایە (2ی ئاب) کە دەستی بەسەردا گرتووە و وەک بەڵگە هەڵیگرتووە، تەنانەت فەرمانبەرانی تورکیا مۆرەکانی سەر راگەیێندراوەکەیان (مۆری خۆر و چیا) بە دەست کێشاوە، ئەمەش نیشان دەدات کە چەندە بە رژدی سەیری ئەم بابەتەیان کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک شەڕڤانی هەسەدە.

ئاکپارتی لە راپۆرتی پرۆسەی چارەسەریدا تێکەڵبوونی هەسەدەی لەگەڵ دیمەشق کردووەتە مەرج

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، لە راپۆرتەکەدا تێکەڵبوونی هەسەدەی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق کردووەتە مەرج.