باخچەلی: هیچ رێگرییەک لەبەردەم گردبوونەوە جەماوەرییەکەی دەم پارتی لە ئامەد نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، ئەنجامدانی گردبوونەوەی جەماوەری لەلایەن دەم پارتییەوە لە شاری ئامەد لە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕیندایە و هیچ کێشەیەکی تێدا نابینێت. بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت پەیامەکەی "27ی شوبات"ـی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبیر بکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەبارەی ئەو گردبوونەوە جەماوەرییەی بڕیارە دەم پارتی لە 4ی کانوونی دووەمی 2026 لە ئامەد بکرێت، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
 
باخچەلی دەڵێت: "بە بڕوای من رێکخستنی ئەم گردبوونەوە جەماوەرییەی دەم پارتی لە 4ی کانوونی دووەمی 2026، هیچ لایەنێکی نەرێنی و رێگریکردنێکی نییە".
 
دەوڵەت باخچەلی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە: "سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم؛ لە چوارچێوەی سنوورە رەواکانی ئازادیی بیروڕا و بەپێی یاسا و دەستوور، هەموو کەس و پارتێکی سیاسی مافی کۆبوونەوە، خۆپێشاندان و سازکردنی کۆبوونەوەی جەماوەرییان هەیە. سرووشتی دیموکراسی و پرەنسیپەکان لەمبارەیەوە روونن".
 
سەرۆکی مەهەپە بەراوردێک لەگەڵ پارتەکانی دیکە دەکات و دەڵێت: "لە کاتێکدا جەهەپە تاوەکو ئێستا 75 گردبوونەوەی جەماوەریی کردووە و پارتە بچووک و گەورەکانی دیکەش لە هەموو شوێنێک کۆبوونەوە دەکەن، سازکردنی گردبوونەوە لەلایەن دەم پارتییەوە رووداوێکی نامۆ نییە گەورە بکرێت و بکرێتە کێشە. با کۆببنەوە و داواکاری و بیروڕاکانیان دەرببڕن، چی تێدایە؟".
 
باخچەلی هەنگاوەکانی دەم پارتی بۆ بوون بە "پارتی تورکیا" بە ئەرێنی ناو دەبات، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدات لەبارەی ناوەڕۆکی داواکارییەکان.
 
باخچەلی دەڵێت: "هیوادارم ئەوەش لەبیر نەکرێت؛ لە بانگەوازەکەی 27ی شوباتی 2025ی رێبەری دامەزرێنەری پەکەکەدا (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)، بە روونی دیارە کە داواکاری بۆ دەرچوون لە زیندان و ئازادبوون بوونی نییە. ئەم بانگەوازە بۆ ئێمە تاکە پێوەر و بەڵگەی پابەندبوونە".
 
سەرۆکی مەهەپە هۆشداری دەدات کە هەر هەڵوێستێکی دەم پارتی و پێکهاتەکانی دیکە بە پێچەوانەی بانگەوازەکەی 27ی شوبات، ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر" خاو دەکاتەوە.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا باخچەلی سڵاو لە خەڵکی ئامەد دەکات و دەڵێت: "با لە 4ی کانوونی دووەمی 2026 کۆببنەوە و داواکارییەکانیان بڵێن، قسەم لەسەر ئەوە نییە، بەڵام نابێت کەس بانگەوازەکەی 27ی شوبات لەبەرچاو ون بکات یان هەوڵی شێواندنی بدات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیرەی تورکی

لە تورکیا کۆبوونەوەی دیاریکردنی کەمترین مووچە لە 2026 دەکرێت و سەندیکای کرێکاران بایکۆتی دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دووەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی دیاریکردنی کەمترین مووچە لە تورکیا بەڕێوەبچێت، بەڵام دیاریکردنی مووچەی ساڵی داهاتوو بەبێ بەشداریکردنی نوێنەرانی کرێکاران بەردەوام دەبێت.