لە خۆپێشاندانەکانی رۆژی کرێکاراندا 575 کەس لە ئیستەنبووڵ دەستگیرکران

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، پۆلیس دەستوەردانی لە خۆپێشاندان و رێپێوانی بەشداربووانی یادی 1ی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکاران کرد کە دەیانویست بەرەو گۆڕەپانی تەقسیم بڕۆن و 575 کەسی دەستگیرکرد.
 
خۆپێشاندانەکە بە پاڵپشتی ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوو کە بەرەو گۆڕەپانی تەقسیم دەڕۆیشتن، بەڵام لە هەموو رێگەکانی دەوروبەری تەقسیم رووبەڕووی پۆلیس و بەربەست بوونەوە.
 
پارێزگای ئیستەنبووڵ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە خۆپێشاندانە بێ مۆڵەتەکان کە لە چەندین ناوچەی جیاوازی شارەکە رێکخرابوون، 575 کەس دەستگیرکران.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەندێک گرووپی گێرەشێوێن، وەک هەموو ساڵێک لە 1ی ئایاری ئەم ساڵیشدا بڕیاری رێکارە ئەمنییەکانیان بەهەند وەرنەگرت و رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانمان بوونەوە. یەکە پەیوەندیدارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، دەستوەردانی پێویستیان بەرامبەر ئەو گرووپانە کرد." 
 
لە ناوچەی بێشیکتاش، پۆلیس رێگری لە ئەندامانی پارتی رزگاریی گەل (HKP) کرد کە دەیانویست بەرەو تەقسیم بڕۆن و 37 ئەندامی ئەو پارتەیان دەستگیرکرد.
 
لە ناوچەی مەجیدیەکۆی، پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕووی ئەندامانی پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) و پارتی سوور (Kızıl Parti) بووەوە.
 
هەروەها لەسەر پردی بۆغاز، 40 ئەندامی گرووپی (کالدراچ) کە خەریکی رێپێوان بوون، دەستگیرکران. گرووپەکە لە هەژماری سۆشیاڵ میدیای خۆی نووسی: "سەرەڕای شەقامە داخراوەکان و بەربەستە دانراوەکان، بەرەو تەقسیم دەڕۆین. گۆڕەپانی 1ی ئایار، گۆڕەپانی تەقسیمە." 
 
هاوکات لە کاژێرەکانی بەیانییەوە هەزاران کەس لە ناوچەی کادیکۆی کۆبوونەوە. بە بانگەوازی فیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (DİSK)، فیدراسیۆنی سەندیکاکانی کارمەندانی کەرتی گشتی (KESK)، یەکێتیی ژووری ئەندازیار و تەلارسازانی تورکیا (TMMOB) و یەکێتیی پزیشکانی تورکیا (TTB)، ئاهەنگی 1ی ئایار لە گۆڕەپانی ئیسکەلەی کادیکۆی بەڕێوەچوو.
 
بە دروشمی (با یەکبگرین و بیگۆڕین بۆ رەنج، دادپەروەری، ئاشتی و دیموکراسی)، سەندیکاکان و رێکخراوە پیشەییەکان لە بەیانییەوە دەستیان بە گردبوونەوە کرد.
 
جگە لەو چوار رێکخراوە، جەهەپە، دەم پارتی، پارتی چەپ، پارتی رەنج و ژمارەیەکی دیکە لە پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کادیکۆی بەشداریی رێپێوانەکەیان کرد.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی؛ مەرال دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی؛ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە؛ ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبوڵی جەهەپە، لەگەڵ شاندی یاوەریان لە گۆڕەپانی ئیسکەلە ئامادەبوون.
 
لە کاتێکدا دەیان هەزار هاووڵاتی لە گۆڕەپانی ئیسکەلە کۆببوونەوە، چەندین گوتار پێشکێشکران. لە راگەیێندراوی هاوبەشی لیژنەی ئامادەکاریی 1ی ئایاردا بانگەواز بۆ فراوانکردنی خەبات دژی چەوساندنەوەی سەرمایەداری و ئیمپریالیستی کرا.
 
رۆژی 1ـی ئایاری 1977 لەسەر بانگەوازی فیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ  (DİSK)، خۆپیشاندانێکی ملیۆنی لە گۆڕەپانی تەقسیم بەڕێوەچوو و تێیدا دروشمی دژ بە حکومەت و هەژموونی سوپا بەرزکرایەوە. پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و سوپا روویدا. بە دەستڕێژی گوللـەی سوپا 34 کەس لە گۆڕەپانەکەدا کوژران، 202 کەس بریندار بوون و 453 کەس دەستگیرکران. بەو هۆیەوە تا ساڵی 2007 هەموو جۆرە چالاکی و خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەقسیم قەدەخەکرا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی فالح زەیدی

تورکیا هیواخوازە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق زوو پێکبهێندرێ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کرد بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و هیوای خواست پرۆسەکە بە زووترین کات کۆتایی بێت.