هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: هەوڵ دەدەین چەقبەستووییەکەی تێپەڕێنین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێ، لە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورددا چەقبەستوویی هەیە و هەربۆیە "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی تێیپەڕێنین. ئەگەر کەسێک هەوڵبدات ئاستەنگ بخاتە بەردەم ئەم پرۆسەیە، ئەوا هێزی گەل ئەو ئاستەنگە لادەبات." 
 
ئەمڕۆ هەینی 1ـی ئایاری 2026، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە چالاکییەکی رۆژی جیهانیی کرێکاران لە پارێزگان وان لە باکووری کوردستان بەشداری کرد. 
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی، 1ـی ئایاری ئەم ساڵ لە کاتێکدایە کە قەیرانی سەرمایەداری لە قووڵترین ئاستیدایە و گوتی: "ئایا دەزانن باجی قەیرانی ئابووریی 2008 کە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکان و سیستمی سەرمایەدارییەوە هەوڵی بەڕێوەبردنی درا، بۆ ئێمە چی بوو؟ بۆ ئێمە جەنگ، خوێن، فرمێسک، برسێتی و هەژاری بوو."
 
هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند: "ئەمڕۆ هۆکاری جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، جەنگی دابەشکاریی نێوان هێزە داگیرکەرەکانی سیستمی سەرمایەدارییە. باجەکەی بە ئێمەی گەلان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کورد و تورک و عەرەبی دەدەن. بەڵام گەلان بەرگری دەکەن. جوانترین نموونەی ئەمەش گەلی کورد لە رۆژئاوا نیشانیدا." 
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی دۆخی تورکیا قسەی کرد و گوتی: "لە تورکیا لە هەر سێ کرێکارێک، یەکێکیان بێکارە. خەڵک ناتوانن کرێی خانووەکانیان بدەن. ئەو مووچەیەی خانەنشینان وەریدەگرن، بەشی ئەوەش ناکات کە بیکەنە گیرفانی نەوەکانیان." 
 
هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوەدا کە لە پرۆسەی چارەسەریدا چەقبەستوویی هەیە و گوتی: "زیاتر لە ساڵ و نیوێکە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرسی دەستیپێکردووە. ئێستا لە پرۆسەکەدا هەندێک چەقبەستوویی هەیە. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆئەوەی ئەو چەقبەستووییە تێپەڕێنین. ئێستا ئەگەر کەسێک هەوڵبدات ئاستەنگ بخاتە بەردەم ئەم پرۆسەیە، با بزانێت هێزی گەل ئەو ئاستەنگە لەوێ لادەبات و بە دڵنیاییەوە ئەمە تێدەپەڕێنین." 
 
پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردی لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ەوە دەستی پێکردووە، بەڵام دەم پارتی و پەکەکە دەڵێن، پرۆسەکە خاوە و پێویستی بە هەنگاوی خێراتر و کاریگەرە.
 
تەنانەت موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دەڵێ، پرۆسەی ئاشتی  ئێستا "هەڵپەسێردراوە و وەستێنراوە" و گوتی، بەبێ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دابینکردنی گەرەنتی یاسایی، پرۆسەی چەکدانان جێبەجێ ناکرێ.
 
دوێنێش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپەی تورکیا کۆبوونەوە و مژارێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد بوو.
 
بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە "پرۆسەی چارەسەری" بووە و تێیدا دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەکە تاوتوێ کراوە.
 
ئەردۆغان و باخچەلی هەڵسەنگاندنیان بۆ رەوتی ئێستای پرۆسەکە و هەنگاوەکانی داهاتوو کرد بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرجەی لایەنی دەسەڵاتدار کە "پێویستە پشتڕاست بکرێتەوە رێکخراوەکە بە هەموو بەشەکانییەوە چەکی داناوە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی فالح زەیدی

تورکیا هیواخوازە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق زوو پێکبهێندرێ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کرد بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و هیوای خواست پرۆسەکە بە زووترین کات کۆتایی بێت.