رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئامارە نوێیەکانی بۆرسەی بازرگانیی ئەنتاڵیا، بازاڕی سەوزە و میوە لە تورکیا رووبەڕووی قەیرانێکی کەمبوونی بڕ و بەرزبوونەوەی نرخ بووەتەوە. تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا نرخی تەماتە لە 265% بەرزبووەتەوە و بڕەکەشی لە بازاڕەکاندا بە نیوە کەمیکردووە.
بۆرسەی بازرگانیی ئەنتاڵیا (ATB) ئامارەکانی مانگی نیسانی 2026ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا خراپترین جووڵەی بازرگانی لە حەوت ساڵی رابردوودا تۆمارکراوە. بەوپێیەی ئەنتاڵیا ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانی سەوزە و میوەیە لە تورکیا، ئەم داتایانە ئاماژەیەکی روونن بۆ دۆخی گشتیی بازاڕەکانی ئەو وڵاتە.
تەماتە گەورەترین بازدانی لە نرخدا تۆمارکردووە. بەگوێرەی ئامارەکان:
- لە رووی بڕەوە: بڕی تەماتە لە بازاڕەکاندا بەراورد بە پار، 51.65% کەمیکردووە.
- لە رووی نرخەوە: نرخی تەماتە 265.79% بووەتەوە
قەیرانەکە تەنیا تەماتەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو سەوزە و میوەکانی دیکەشی گرتووەتەوە:
- سەوزە: بڕی خستنەڕوو 36.87% کەمیکردووە و نرخەکەی 148.76% زیادی کردووە.
- میوە: بڕی مامەڵەپێوەکراو 3.81% کەمیکردووە و نرخەکەی 19.98% گرانتر بووە.
کاتێک بەراوردی مانگی نیسانی ئەمساڵ لەگەڵ مانگی نیسانی حەوت ساڵی رابردوو دەکرێت، دەردەکەوێت کە بڕی فرۆشی تەماتە و سەوزە بە شێوەیەکی "پێوانەیی" دابەزیوە، لە بەرامبەردا نرخەکانیان گەیشتووەتە لووتکە.
لەسەر ئاستی مانگانەش (بەراورد بە مانگی ئادار)، بڕی تەماتە 19.25% دابەزیوە، بەڵام تەنیا لەو مانگەدا نرخەکەی 39.59% بەرزبووەتەوە.
شارەزایانی ئابووری لە تورکیا ئاماژە بەوە دەدەن کە کەمبوونەوەی بڕی بەرهەم لە عەلوەکاندا هۆکاری سەرەکیی ئەم گرانبوونە پێوانەییەیە، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بژێویی هاووڵاتییان و تێچووی ژیان لەو وڵاتەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ