تورکیا ساڵانە 2 گێگاوات کارەبا لە 'با' بەرهەم دەهێنێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تورکیا هەنگاوەکانی بۆ پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە خێراتر دەکات و ئێستا ساڵانە زیاتر لە 2 گێگاوات کارەبا لە رێگەی "با"وە بەرهەم دەهێنێت. سەرۆکی کۆمەڵەی وزەی بای تورکیاش رایدەگەیێنێت، ئامانجیانە تاوەکو سێ ساڵی دیکە ئەو بڕە بگەیێننە 5 گێگاوات.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی وزەی بای تورکیا (TÜREB)، تەنیا لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2026ـدا، تورکیا بە بەهای 300 بۆ 350 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی نوێی لە کەرتی وزەی "با"دا کردووە.
 
ئیبراهیم ئێردەن، سەرۆکی کۆمەڵەی وزەی بای تورکیا، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندووە: "لە کانوونی دووەم تاوەکو ئاداری 2026، توانای بەرهەمهێنانی کارەبای وڵات لە رێگەی باوە زیاتر لە 300 مێگاوات زیادی کردووە." ئاماژەی بەوەش کرد، پار قەبارەی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا لە 2 ملیار دۆلار تێپەڕیبوو.
 
پار تورکیا وەک دووەم گەورەترین وڵاتی ئەوروپا دەستنیشانکرا لە رووی دامەزراندنی وێستگەی نوێی وزەی باوە، کاتێک توانی زیاتر لە 2 گێگاوات بخاتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی. ئیبراهیم ئێردەن پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، قەبارەی بەرهەمهێنان لەم کەرتەدا بگاتە سەرووی 2.5 گێگاوات.
 
ئەم وەبەرهێنانە بەشێکە لە ستراتیژیی ئەنقەرە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنیی هاوردەکراو. ساڵی رابردوو تورکیا نزیکەی 62 ملیار دۆلاری بۆ هاوردەکردنی وزە خەرج کردووە.
 
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی (TÜREB)، هەر 1000 مێگاوات (1 گێگاوات) کارەبا کە لە "با" بەرهەم دەهێنرێت، نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار لە تێچووی هاوردەکردنی گازی سروشتی دەگەڕێنێتەوە.
 
سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت، "تەنیا ساڵی رابردوو، بەهۆی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی با، زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارمان لەو پارەیە گەڕاندووەتەوە کە دەبوو بۆ هاوردەکردنی گازی سروشتی خەرج بکرێت."
 
تورکیا پلان دادەنێت تاوەکو ساڵانی 2028-2029، قەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە "با" بگەیێنێتە 4 بۆ 5 گێگاوات.
 
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی گواستنەوەی وزەی (شورا)، کۆی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای تورکیا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 گەیشتووەتە 122.5 گێگاوات، کە 62%ی ئەو بڕە لە سەرچاوە نوێبووەوەکانی وەک (ئاو، با و خۆر) بەرهەم دەهێنرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

ئەردۆغان: کەمبوونەوەی رێژەی لە دایکبوون لە جەنگ خراپترە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دیدگەی 10 ساڵەی خێزان و دانیشتووانی وڵاتەکەی راگەیاند و هۆشداری دەدات کە کەمبوونەوەی رێژەی لەدایکبوون هەڕەشەیەکی "لە جەنگ خراپترە" بۆ سەر تورکیا.