تورکیا
سەباحەت تونجەل، ئەندامی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد و هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)
رووداو دیجیتاڵ
سەباحەت تونجەل، بەهۆی بەڕێوەبردنی چالاکییەک بەبۆنەی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەگەڵ سێ کەسی دیکە دەستگیرکران.
بەهۆی ئەوەی لە ناوچەی کوچوک چەکمەجەی ئیستەنبووڵ ئاهەنگی لەدایکبوونیان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)سازکرد، رۆژی یەکشەممە 5-4-2026 سەباحەت تونجەل، ئەندامی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد و هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەگەڵ سێ لە هاوڕێکانی دەستگیرکران.
پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراتییەکان بەبۆنەی 77ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (4ی نیسان لەدایکبووە)، ئاهەنگێکی لە کەناراوێکی ئیستەنبووڵ رێکخست.
لە بەیانییەوە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان، منداڵان و گەنجان بۆ ئەو ئاهەنگە چوونە کەناراوەکە.
سەرەڕای گەمارۆی پۆلیس، هاونیشتمانییان لە کەناراوەکە خوانێکی تایبەتیان ئامادەکرد، بەڵام دوای ماوەیەک پۆلیس دەستوەردانی کرد و ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووانی بڵاوە پێکرد و تووندوتیژیی لە دژی بەشێکیان بەکارهێنا.
چوار کەس دەستبەسەرکران کە یەکێکیان سەباحەت تونجەل، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بوو.
ئەوکاتەی پۆلیس هەڵیکوتایە سەر شوێنی ئاهەنگەکە، بەشێک لەو منداڵانەی بەشدارییان کردبوو، بەهۆی تووندوتیژیی پۆلیسەوە ترسان و دەستیان بە گریان کرد.
دوای نیشاندانی ناڕەزایی لە دژی ئەو هەڵوێستەی پۆلیس، هێزە ئەمنییەکان پاشەکشەیان کرد.
سەباحەت تونجەل لە نەورۆزی ئەمساڵی ئیستەنبووڵدا بەشداربوو و هەر لەوێ بووە میوانی رووداو.
تونجەل لەوێش ئازادبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە گرنگ و پێویست وەسفکرد و گوتی، "جەژنی نەورۆز لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان و تورکیا پیرۆزدەکەم. دەمەوێ بڵێم ئەم نەورۆزە بە ئاسانی دروستنەبووە. مێژوویێکی سێ هەزار ساڵی هەیە. گەلی کورد ماوەی سێ هەزار ساڵە ئەو مەشخەڵی ئاگرەی نەورۆزی هەڵگرتووە و گەیاندوویەتییە ئەمڕۆ. ئەمە زۆر گرنگ و بەهادارە. نەورۆز بۆ کورد قوربانیدانی گەورەی لە ژێرە."
سەرەڕای هەموو رەخنەکان، تونجەر جەختیکردەوە کە جاران بە هەموو شێوەیەک جەژنی نەورۆز قەدەخە بوو، بەڵام ئێستا دەبینن دۆخەکە زۆر جیاوازە و لە سووریاش بووەتە پشووی فەرمی کە هەموو ئەمانە لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی کورد بەدیهاتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ