رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایدەگەیێنێت، دامەزراندنی بارەگا سەربازییە نوێیەکان لە ئیستەنبووڵ و ئادانا بە واتای سازشکردن لەسەر پەیماننامەی مۆنترۆ نایەت و جەخت لە پاراستنی پرەنسیپی "خاوەندارێتیی هەرێمی" لە دەریای رەشدا دەکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی ئەو بانگەشانەی دایەوە کە لە میدیاکاندا لەبارەی دامەزراندنی فەرماندەیی هێزی دەریایی لە گەرووی ئیستەنبووڵ و بارەگای فەیلەقی هێزی فرەنەتەوەیی لە ئادانا بڵاوکرابوونەوە. وەزارەتەکە گوتی: "سازشکردن لەسەر پرەنسیپی خاوەندارێتیی هەرێمی و پەیماننامەی مۆنترۆ لە ئارادا نییە و هەموو کارەکان بەپێی ئەم بنەمایە دەکرێن."
پەیماننامەی مۆنترۆ کە لە 20ـی تەممووزی 1936ـدا واژۆکراوە، دەسەڵاتی تەواو دەداتە ئەنقەرە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کام کەشتیی جەنگی دەتوانێت بە گەرووەکانی (بۆسفۆر و دەردەنیل)ـدا تێپەڕێت. هەروەها لە کاتی جەنگدا یان کاتێک تورکیا هەست بە مەترسیی بکات، مافی ئەوەی هەیە گەرووەکان بەڕووی هاتووچۆی کەشتییە بیانییەکاندا دابخات.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک لە میدیاکان بەهۆی "زانیاریی ناتەواو" تێگەیشتنی هەڵەیان بۆ بەشدارییەکانی تورکیا لە ناتۆ و هاوپەیمانیی خۆبەخشانی ئۆکراینا هەبووە و هەندێک چەمکیان تێکەڵ کردووە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە کە "هاوپەیمانیی خۆبەخشانی ئۆکراینا" دەستپێشخەرییەکی فرەنەتەوەییە و پەیوەندیی بە ناتۆوە نییە، تاوەکو ئێستاش 33 وڵات خواستی بەشدارییان تێدا دەربڕیوە. وەزارەتەکە دەڵێت، تورکیا سەرکردایەتیی چالاکییەکانی پلاندانان لە رەهەندی دەریاییدا دەکات، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە "چوارچێوەی یاسایی پەیماننامەی مۆنترۆ وەک بنەما لە هەموو پلاندانانەکاندا وەرگیراوە."
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، هەرچەندە 14 وڵات دەیانەوێت لە فەرماندەیی پێکهاتەی هێزی دەریاییدا بەشدار بن، بەڵام بۆ پاراستنی هاوسەنگیی دەریای رەش، تەنیا وڵاتانی کەناراوی (تورکیا، رۆمانیا و بولگاریا) پلاتفۆرمی دەریایی دابین دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ