رووداو دیجیتاڵ
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی بەردەوامیی سیاسەتی دانانی قەییوم بۆ سەر شارەوانییەکان دەکەن و داوای گەڕانەوەی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکان دەکەن.
رۆژی چوارشممە 1-4-2026 ژمارەیەک ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی و جەهەپە لەبەردەم شارەوانیی ئەسەنیورت کۆبوونەوە و سەرکۆنەی سیاسەتی دانانی قەییومیان کرد.
سەرکان یڵماز، هاوسەرۆکی لقی ئەسەنیورتی دەم پارتی لە کۆنفرانسەکەدا پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی ناوچەکە کرد و گوتی: "با هەموو خەڵکی ئەسەنیورت، گەلانی تورکیا و کوردستان بزانن؛ ئێمە لە دژی قەییومەکان بەردەوام دەبین. رۆژانی بێ قەییوم و پڕشنگدار لەڕێگەن."
یڵماز داوای کرد کە ئەحمەد تورک، شارەداری مێردین و ئەحمەد ئۆزەر، شارەداری ئەسەنیورت و سەرجەم ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان کە بە دەنگی گەل هەڵبژێردراون، "دەستبەجێ بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان."
سەرکان یڵماز سوپاسی هەموو ئەو خەڵکەی ئەسەنیورتی کرد کە کۆبوونەتەوە و ئەوانەشی بەهۆی هەلومەرجی کارەوە نەیانتوانی بەشداری بکەن.
ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆک شارەوانییە کوردە لەکارلادراوەکەی ناوچەی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ لەسەر لیستی جەهەپە، کە دەستگیرکرا و قەییوم لە شوێنی دانرا، بۆ سێیەمجار لە 14یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ دادگایی کرا و بە تۆمەتی (ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار) سزای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ئەگەرچی چەند جارێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) داوای گەڕاندنەوەی ئەحمەد تورک بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین و ئەحمەد ئۆزەر بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنلەر کردووە، بەڵام ئەمە هێشتا هەنگاوی کردەیی بۆ نەنراوە.
ئۆپەراسیۆنی سەر شارەوانییەکانی جەهەپە بەردەوامن.
ئەمە لەکاتێکدایە زۆرترین لەکارلادان و دانانی قەییوم لە دژی شارەوانییەکانی دەم پارتی کراوە.
حکومەتی تورکیا سەرۆکشارەوانییەکانی جەهەپە بە تۆمەتی گەندەڵی، بەرتیل وەرگرتن، بەرتیل دان و دزینی سامانی گشتی دادگەیی دەکات.
بەرپرسانی جەهەپە ئەمە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، ئەو سەرۆک شارەوانییانەی ناڕۆنە ریزەکانی ئاکپارتییەوە، قەییوم دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ