سەرۆکی گەورەشارەوانیی بوڕسە زیندانیی کرا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مستەفا بۆزبەی، سەرۆکی گەورەشارەوانیی بوڕسە کە جەهەپەیە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی دۆسیەی (گەندەڵی و بەرتیل)دا دەستگیرکرابوو، لەگەڵ 29 کەسی دیکە بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
 
لە رۆژی 31ی ئادارەوە مستەفا بۆزبەی و 57 کەسی دیکە بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەک دروستکردنی رێکخراوی تاوان، وەرگرتنی بەرتیل، سپیکردنەوەی ماڵ و سامان و تێکدانی پلانسازیی شار دەستگیرکرابوون.
 
رۆژی یەکشەممە، 4-4-2026 دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، رەوانەی دادگە کران. 
 
دوای وەرگرتنی گوتەکانیان، دادگەی سزاکانی بوڕسە بڕیاریدا مستەفا بۆزبەی و 29 گومانلێکراوی دیکە بخرێنە زیندانەوە.
 
لەو 30 کەسە 11یان پێشتر لە دۆسیەیەکی دیکەی پەیوەندیدار بە شارەوانیی نیلوفەر لە زیندان بوون.
 
دادگە 27 گومانلێکراوی دیکەشی بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازادکرد.
 
بەگوێرەی راپۆرتی داواکاری گشتیی بوڕسە، مستەفا بۆزبەی و تورگای ئەردەم، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی نیلوفەر، لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا لەبەرامبەر وەرگرتنی بەرتیل، دەستکاریی کارەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی کردووە و بەو شێوەیە سوودێکی دارایی نادروستیان بۆ خۆیان و خاوەن پڕۆژەکان دابین کردووە.
 
ئەم دۆسیەیە کە وەک ئۆپەراسیۆنێکی گەورە دژی شارەوانییەکانی جەهەپە لە تورکیا ناو دەبرێت، لە رۆژەڤی سیاسیی ئەو وڵاتەدا بووەتە جێی مشتومڕێکی گەرم.
 
مستەفا بۆزبەی، دوای بڕیاری دەستگیرکردنی، رەوانەی زیندان کرا. 
 
چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەبارەی ئەرکەکەیەوە بڕیارێکی نوێ بدات. 
 
حکومەتی تورکیا هەڵمەتێکی لە دژی شارەوانییەکانی جەهەپە دەستپێکردووە و بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن، دەرچوون لە یاسا، دزینی سامانی گشتی و تۆمەتی دیکە لە کار لایاندەدا و دەیانداتە دادگە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە