باخچەلی پیرۆزبایی لە ئامەدسپۆر دەکات؛ "سەرکەوتنێکی مانادارە بۆ دیاربەکری ئێمە"

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، بەبۆنەی سەرکەوتنی مێژوویی یانەی ئامەدسپۆر بۆ خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکی یانەکە کرد و سەرکەوتنەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ "دیاربەکری ئێمە" وەسف کرد.
 
رۆژی دووشەممە، 04-05-2026، دەوڵەت باخچەلی لە پەیامێکدا کە بۆ ناهید ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆری ناردووە، رایگەیاند: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە سەرکەوتنی ئامەدسپۆر دەکەم، کە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتووەتە سوپەرلیگ و رەنگ و جۆش و خرۆشێکی نوێی بە وەرزشی تورکیا بەخشیوە."
 
باخچەلی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە پێگەی شاری ئامەد کردووە و دەڵێت: "ئەم سەرکەوتنە مانادارە بە پێشهاتێکی بەنرخ بۆ دیاربەکری ئێمە و تۆپی پێی تورکیا هەڵدەسەنگێنم. هیوادارم دیاربەکر، کە یەکێکە لە بەنرخترین شارەکانمان بە قووڵایی مێژوویی و دەوڵەمەندیی کولتوورییەوە، لەگەڵ ئەم سەرکەوتنە وەرزشییەدا لە رووی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەوە زیاتر ببوژێتەوە."
 
سەرۆکی مەهەپە هیواش دەخوازێت ئامەدسپۆر لە خولی نایابدا "رۆحی یاریی خاوێن و یاسای برایەتی" بکاتە پێشینەی کارەکانی و بەشداریی ئەرێنی لە کەشی ئارامی و یەکڕیزیی تورکیادا بکات.
 
رۆژی شەممە، 02-05-2026، لە دوا گەڕی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا، ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی ئیدر سپۆر بووەوە و بە ئەنجامی 3-3 یەکسان بوون. 
 
ئەم ئەنجامە، لەگەڵ یەکسانبوونی یانەی (ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر)ی رکابەری، وایکرد ئامەدسپۆر بە کۆکردنەوەی 74 خاڵ، پلەی دووەمی خولەکە مسۆگەر بکات و راستەوخۆ بۆ خولی نایاب (سوپەرلیگ) سەربکەوێت. پێشتر یانەی ئەرزەڕۆم سپۆر بە 81 خاڵ پلەی یەکەمی و بلیتی یەکەمی سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو.
 
یانەی ئامەدسپۆر مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی بڕیوە تا گەیشتووەتە ئەم ئاستە، ساڵی 1972 لە ژێر ناوی (مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر) دامەزراوە. ساڵی 1990 لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدراوە، ساڵی 2014 بە فەرمی ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (ئامەدسپۆر).
 
ساڵی 2023 - 2026 یانەکە سێ ساڵی زێڕینی بەڕێکرد؛ لەو ماوەیەدا لە خولی پلە سێوە ساڵ لە دوای ساڵ سەرکەوت تاوەکو گەیشتە خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ).
 
ئەم سەرکەوتنە بۆ هاندەرانی یانەکە لە باکووری کوردستان و تورکیا بایەخێکی زۆری هەیە، چونکە یەکەمجارە یانەکە دەگاتە بەرزترین ئاستی کێبڕکێی تۆپی پێ لەو وڵاتەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەوزە و میوەی تورکی. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

قەیرانی سەوزە و میوە بەرۆکی تورکیا دەگرێت

بەگوێرەی ئامارە نوێیەکانی بۆرسەی بازرگانیی ئەنتاڵیا، بازاڕی سەوزە و میوە لە تورکیا رووبەڕووی قەیرانێکی کەمبوونی بڕ و بەرزبوونەوەی نرخ بووەتەوە. تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا نرخی تەماتە لە 265% بەرزبووەتەوە و بڕەکەشی لە بازاڕەکاندا بە نیوە کەمیکردووە.