ئەردۆغان سەرەخۆشی لە چەند شارێکی باکووری کوردستان دەکات

31 خولەک له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا بەهۆی هەڵکردنی باوبۆران کە زیانی گیانی و ماڵیی لێکەوتەوە، سەرەخۆشیی لە دیلۆک، رووها، سەمسوور و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان کرد.
 
لەدوای کۆبوونەوەی کابینەی کۆماریی تورکیا کە رۆژی دووشەممە 4-5-2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە سەرکردایەتیی کۆبوونەوەکەی کرد، گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
ئەردۆغان هاوخەمیی بۆ هاونیشتمانیانی پارێزگاکانی دیلۆک، رووها، سەمسوور و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان نیشاندا بەوەی باوبۆران زیانی پێگەیاندوون و گوتی:"داوای لێخۆشبوونی خوا بۆ ئەو برایانەمان دەکەم کە بەهۆی بارانی زۆر و باوبۆرانەوە گیانیان لەدەستداوە؛ هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکانمان دەخوازم. وەزیرانی کشتوکاڵ و ناوخۆمان لەگەڵ تیمە مەیدانییەکانمان لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و بە وردی سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانن".
 
چی روویدابوو؟
 
رۆژی یەکشەممە 3-5-2026 لە پارێزگاکانی رووها، ئامەد، کیلیس، دیلۆک و مەڵەتی بارانی بەخوڕ باری و بووە هۆی لافاو و زریان.
 
لە شارۆچکەی بێرەجوک سەر بە پارێزگای رووها، بەهۆی با و زریانەوە منارەی مزگەوتی کارشییاکا رووخا و زیان بەر هەندێک ماڵ و شوێنی کار کەوت. 
 
لە شارۆچکەکەدا بەهۆی با و زریانەوە هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و 29 کەسی دیکە بریندار بوون. لە شارۆچکەی وێرانشار ـیش 11 کەس بریندار بوون.
 
لە شارۆچکەی بێرەجوک زیان بە ژمارەیەکی زۆر خانوو و ئۆتۆمبێل گەیشت.
 
حەوت لە بریندارەکانی بێرەجوک کە برینەکانیان قورس بوو، گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوەندی شاری رووها.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە