رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەڵێ، کاری کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی گەیشتووەتە ئاستێکی باش، بەڵام راپۆرتەکەی دەم پارتی لە ئەرکی کۆمیسیۆنەکە تێپەڕیوە و ئاماژە بەوە دەکات، دانانی چەک و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە پرۆسەیەکی جیاوازە و بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی دیموکراسیش بابەتێکی دیکەیە.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆندا قسەی کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە.
لەبارەی ئامادەکردنی راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان یڵماز رایگەیاند، رەنگە بۆ بەشە جیاوازەکان پێویستی بە راستکردنەوەی جیاواز بێت و لە راپۆرتی پارتە سیاسییەکانیشدا دەرکەوتووە کە داواکاریی پارتەکان وەکو یەک نییە.
لەبارەی راپۆرتەکەی دەم پارتییەوە گوتی، "راپۆرتەکەی دەم پارتی کەمێک لە ئەرکی ئەم کۆمیسیۆنە تێدەپەڕێ و چاوەڕوانیی زۆری لەخۆگرتووە. دانانی چەک و بنبڕکردنی تیرۆر پرۆسەیەکی جیاوازە. بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی دیموکراسی لە تورکیا بابەتێکی دیکەیە. بێگومان لە ژینگەیەکدا کە تیرۆر نەبێت، کەشی دیموکراسی بە شێوەیەکی سرووشتی بەهێزتر دەبێت و گفتوگۆ دیموکراسییەکان بە شێوەیەکی پێگەیشتووتر دەکرێن، بەڵام ئێستا رۆژەڤی ئێمە بنبڕکردنی رێکخراوی تیرۆریستی، لەنێوبردنی چەک و فراوانکردنی گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراسییە کە لەژێر سێبەری چەکدا نییە."
یڵماز رەخنەی لە راپۆرتەکەی جەهەپە گرت کە گوایە زیاتر کێشەکانی پارتەکەی خستووەتەڕوو و بەدەوری بابەتەکەدا سووڕاونەتەوە.
یڵماز دەڵێ: "هەرچەندە جەهەپە لەنێو پرۆسەکەدا پشتگیری پرسەکە دەکات، کاتێک سەیری راپۆرتەکەیان دەکەین، بەداخەوە دەبینین کەمێک بەدەوری بابەتەکەدا سووڕاونەتەوە، زیاتر بابەتەکانی خۆیان، کێشەکانی پارتەکەی خۆیان و هەندێک کێشەی نێوخۆیی دەخەنەڕوو. بە بڕوای من، نابێت پارتی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆن بەم شێوەیە بێت."
ئەو بەرپرسەی تورکیا لەبارەی سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکەی لە سووریا رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێ هەموو لایەنەکانی سووریا خاوەنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بن و لە ئاستێکی بەرزدا بەشداریی سیاسەت و ئابووری بکەن و گوتی، تورکیا لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سووریادایە و هەڵوێستێکی روونی بەرامبەر ئەو گرووپانە هەیە کە ئەو بە تیرۆریست ناوی بردن.
ئاماژەی بەوەشدا کە دەیانەوێت هەڕەشەکان لەسەر تورکیا نەمێنن و گوتی: "بۆ ئەم مەبەستە کەناڵە دیپلۆماسییەکان بە شێوەیەکی چالاک بەکاردەهێندرێن".
پرۆسەی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا زیاتر لە ساڵێكە دەستیپێکردووە. دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پێکهێنرا و لە پینجی ئابی پار دەستی بە کارەکانی کرد.
کۆمیسیۆنەکە ئێستا لە قۆناخی ئامادەکردنی راپۆرتێکی هاوبەشە و چاوەڕوان دەکرێ دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ