راپۆرتی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری لە ماڵپەڕی پەرلەمانی تورکیادا بڵاوکرایەوە

54 خولەک له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمان بڵاوکرایەوە. راپۆرتەکە لە 21ـەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەدا لە رۆژی 18ی شوبات پەسندکرا. 
 
راپۆرتەکە لە حەوت بەشی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە: کارەکانی لیژنە، ئامانجە سەرەکییەکانی لیژنە، رەگە مێژووییەکانی برایەتیی تورک و کورد و یاسای برایەتی، خاڵە هاوبەشەکانی ئەو کەسانەی لە لیژنەکە گوێیان لێگیراوە، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان، پێشنیازی یاسایی بۆ پرۆسەکە و پێشنیازەکان بۆ دیموکراسی.
 
لە بەشی ئەنجامی راپۆرتەکەدا هاتووە کە بۆ بنیاتنانی تورکیایەکی دیموکراسی و فرەڕەنگ، تێگەیشتنێک کە "راستییەکان پشتگوێ نەخات، هەستەکان نکۆڵیان لێنەکرێ و سیاسەت بوێریی بەرهەمهێنانی چارەسەری هەبێت" گرنگییەکی زۆری هەیە.
 
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا لەسەر بنەمای ئاشتی، یەکپارچەیی، دیموکراسی و برایەتی بەهێزتر دەبێت؛ جەخت لەوەش کراوەتەوە پێویستە پرۆسەی چارەسەری لەسەر زەوینەیەک بەڕێوەبچێت کە ئاسایشی گشتیی بپارێزێت، ماف و ئازادییەکان فراوان بکات و رەزامەندیی کۆمەڵایەتی زیاتر بکات.
 
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە "بۆچوونی هاوبەش"ـی وەرگیراو لە کارەکانی کۆمیسیۆن و بیرۆکە پێشکێشکراوەکان لە دەقەکەدا رەنگی داوەتەوە؛ باس لەوەش کراوە کە لە قۆناخی داهاتوودا، شەفافییەتی رێکخستنە کارگێڕی و یاساییەکان، گشتگیریی هەنگاوەکانی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و بەردەوامیی چاودێریی پەرلەمان، رۆڵی یەکلاکەرەوەیان دەبێت.
 
دەم پارتی دەنگی "بەڵێ"ـی دا، بەڵام تێبینی هەبوو
 
راپۆرتە هاوبەشەکە بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا. لە دەنگدانەکەدا 47 ئەندام دەنگی "بەڵێ"، 2 ئەندام دەنگی "نەخێر" و 1 ئەندامیش دەنگی "بێلایەن"ـی دا.
 
دەم پارتی تێبینیی خۆی لەسەر راپۆرتەکە نووسی و ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر ئەو میکانیزمە رێککەوتوون کە تێبینی و ناڕەزایەتییەکانی پارتەکە وەک پاشکۆ لەگەڵ راپۆرتەکەدا بڵاوبکرێنەوە و بەم مەرجە دەنگی "بەڵێ"ـیان داوە.
 
ئەحمەد شیک، ئەندامی پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) و ئیسکەندەر بەیجان، ئەندامی پارتی رەنج (Emek Partisi) دەنگی "نەخێر"ـیان دا، لە کاتێکدا تورکان ئەلچی، ئەندامی پارتی گەلی کۆماری (CHP) دەنگی "بێلایەن"ـی دا.
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، ئەو پێشنیازانەش خراونەتەڕوو کە لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە پێشکێش کراون.
 
چی روویدا؟
 
کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریی لەنێو پەرلەمانی تورکیا دامەزراوە، تاوەکو ئێستا 21 کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.
 
لیژنەکە لە ماوەی کارەکانیدا گوێی لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، شارەزایان و لایەنە پەیوەندیدارەکان گرت و بۆچوونی وەرگرتوون. لە کۆبوونەوەکاندا بە تایبەتی ئەم بابەتانە تاوتوێ کراون:
 
چوارچێوەی یاسایی پرۆسەکە، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان، هەنگاوەکانی دیموکراسیبوون و پێویستیی رێکخستنی یاسایی، بەهێزکردنی رەزامەندیی کۆمەڵایەتی و زەمینەی مێژوویی پەیوەندییەکانی تورک و کورد.
 
لە 21ـەمین کۆبوونەوەدا کە رۆژی 18ی شوبات بەڕێوەچوو، ئەو دەقە هاوبەشەی لەسەر بنەمای هەموو ئەم بۆچوون و پێشنیازانە ئامادەکرابوو، خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا. 
 
پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە رۆژی 1-10-2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی و پشتگیریی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستیپێکرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

ئەردۆغان: تورکیا بۆ ئاسایشی خۆی هەموو هەنگاوێک لە دەرەوەی سنوورەکانی دەنێت

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "ئاگاداری ئەو یاری و تەڵانەین کە دادەنرێن. لەو خاڵەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، تورکیا بۆ ئاسایشی خۆی هەموو جۆرە هەنگاوێک لە دەرەوەی سنوورەکانیشی دەنێت. لە هەر شوێنێک هەڕەشە و مەترسیی هەبێت، لە سەرچاوەکەیەوە لەنێویان دەبەین."