رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لەبارەی راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمانەوە رایگەیاند، "دەبێت ئیدی بەناوی ملیۆنان کەسەوە هەموومان پێکەوە چاودێریی ئەم راپۆرتە بکەین و جێبەجێکردنی مسۆگەر بکەین."
رۆژی چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا لە کۆی 50 ئەندامی، بە دەنگی 47 ئەندام، راپۆرتی هاوبەشی راسپاردەکانی بۆ پرۆسەی چارەسەریی پەسندکرد. راپۆرتە 60 لاپەڕەییەکە پێشکێشی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا کرا.
لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی شوباتی 2026، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەیدا لە ئەنقەرە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەبارەی پێشهاتەکانەوە ساز کرد.
ئایشەگوڵ دۆغان جەختی لەوە کردەوە پێویستە هەندێک خاڵ دووبارە بخرێنەوە یاد و ئاماژەی بە گرنگیی هێنانی پرسی کورد بۆ نێو پەرلەمان کرد و گوتی، "باسمان لەوە کردووە گفتوگۆکردنی ئەم پرسە بە بەشداریی هەموو فراکسیۆنەکان چەندە بەنرخە و چۆن لە زۆر دەرفەتی لەدەستچوودا پەرلەمان ئەو رۆڵ و ئەرکە سەرەکییەی خۆی نەگێڕاوە و ئەمەش چ زیانێکی بە تورکیا گەیاندووە. لەم روانگەیەوە، ئەو ئیرادەیەی پەرلەمان نیشانیداوە، گەیشتن بەم رۆژە بە فراوانترین رێککەوتن و کۆدەنگیی سیاسی، بێگومان لەلایەن ئێمەشەوە گرنگە."
دۆغان جەختی لەوە کردەوە سەرباری مشتومڕەکان، هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی ئەم کارانەمان گەیاندووەتە ئەمڕۆ، کارێکی ناوازەیە. هیچ شتێک ئاسان نەبوو. هیچ شتێک وەک وا بیری لێدەکراوە و دەبینرا، بە ئاسانی رووی نەدا. دوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە و دەستبەکاربوونیشی گوتوویانە: "پارتەکەمان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی کارەکانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بگاتە ئەنجامێکی کاریگەر و هەمیشەیی و هەنگاوەکانی دواتریش جێبەجێ بکرێن."
دۆغان دوایین پەیامی ئۆجەلانی خستەوە یاد و گوتی: "وەک بەڕێز ئۆجەلان لە دوایین دیداریدا بە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتیی گوتبوو؛ 'ئیدی قۆناخی یەکەم بە فەرمی تەواو بوو.' قۆناخێکی نوێ دەستیپێکردووە و دەتوانین ئەم راپۆرتە وەک دەستپێکی فەرمیی قۆناخی دووەم قبووڵ بکەین. لەمەودوا پێویستی بە خشتەیەکی کاتی نوێ هەیە. کۆمیسیۆن لە راپۆرتەکەیدا بە وردی باسی لەوە کردووە کە ئەم خشتە نوێیە چۆن کار دەکات. بەڵام چۆن ناوەڕۆکی ئەم بابەتانە پڕ دەکرێنەوە و چۆن جێبەجێ دەکرێن، لە دوێنێوە ئەم پرسیارانە لەنێو ئەو پرسیارانەدان کە رای گشتی زۆرترین بایەخی پێدەدات و بە چڕی ئاراستەی دەکات."
سەبارەت بە زمانی کوردی، گوتەبێژەکەی دەم پارتی رایگەیاند، 21ـی شوبات، رۆژی جیهانیی زمانی دایک نزیک دەبێتەوە. تورکیا لەم بارەیەوە مشتومڕی زۆری کردووە. تورکیا وڵاتێکی فرەزمان و فرەناسنامەیە. دەرفەتی ئەوە هەیە ئەم زمانانە پێکەوە بە یەکسانی و ئازادی بژین. هەروەها لە تورکیا دوای زمانی تورکی، زمانی کوردی بەربڵاوترین و قسەپێکراوترین زمانە. ئێستا پێویستە لە داهاتوودا هەندێک رێکخستن و هەمواری یاسایی و هەنگاوی یاسایی بۆ بەکارهێنان و ئازادانە ژیانی زمانی کوردی لە بواری گشتیدا لەبەرچاو بگیرێت. ئەمە رۆژەڤی ئەم کۆمیسیۆنە نەبوو، چونکە ئەمە لە هەمان کاتدا پرسێکی دەستوورییە و ئەم کۆمیسیۆنە لە یەکەم رۆژەوە رایگەیاند کە باسی پرسی دەستوور ناکات."
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان سەرنجی خستە سەر ئەنجامی راپۆرتەکە و رایگەیاند، تەنیا نووسینی راپۆرتەکە بەس نییە، بە وردی چاودێری دەکەن بۆ ئەوەی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. گوتی: "پێویستە چاودێریی راپۆرتە هاوبەشەکە بکەین، بە لەبیرنەکردنی ئەوەی کە راسپاردەکانی پابەندکەرن. نیگەرانیی رەوا هەن و پرسیار دەکرێت ئایا ئەم راسپاردە و پێشنیازانە لەلایەن پەرلەمانەوە لەبەرچاو دەگیرێن، ئایا دەسەڵاتی جێبەجێکردن چاودێریی دەکات و خاوەندارییەتی لێدەکات، ئایا ئەمانە جێبەجێ دەکرێن؟ بەڵێ، ئیدی دەبێت بەناوی ملیۆنان کەسەوە هەموومان پێکەوە چاودێریی ئەم راپۆرتە بکەین و جێبەجێکردنی مسۆگەر بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ