رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، داهاتی نیشتمانیی وڵاتەکەی 1.5 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە و دەڵێت: "ساڵی 2026 بۆ تورکیا دەبێتە ساڵی چاکسازی."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە 7-1-2026 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا (AKP) لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستەسەر دۆخی ئابووری و پلانی حکومەت بۆ ساڵی نوێ.
ئەردۆغان رایگەیاند، لە بواری بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوساندا هەنگاوی گرنگیان ناوە و داهاتی نیشتمانی لەسەر بنەمای ساڵانە 1.5 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە. گوتیشی: "بە پشتیوانیی پەرلەمانمان، پڕۆگرامی چاکسازیی سەدەی تورکیا جێبەجێ دەکەین و ساڵی 2026 بۆ وڵاتەکەمان دەبێتە ساڵی چاکسازی."
سەبارەت بە بودجەی گشتی، سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکرای کرد، بودجەی ساڵی 2026 کە نزیکەی 19 تریلیۆن لیرەیە، بە تێڕوانینێکی "مرۆڤ سەنتەر" و بە ئاراستەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن ئامادە کراوە، کە ئامانج لێی زیادکردنی خۆشگوزەرانیی 86 ملیۆن هاووڵاتییە.
ئەردۆغان ئاوڕی لە پار دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2025ـدا کاری لەپێشینەیان ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بووە. لەو چوارچێوەیەشدا پێش کۆتاییهاتنی ساڵ، 455 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیان بە تیروپشک رادەستی زیانلێکەوتووان کردووە و 11 ملیار لیرەشیان بۆ 11 پارێزگا بوومەلەرزەلێدراوەکە تەرخان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە چەند ئامارێک لە بارەی کەرتی کشتوکاڵ و ئاوی وڵاتەکەی دا:
- 706 ملیار لیرە پشتیوانیی کشتوکاڵییان پێشکێش کردووە.
- 47 ملیار لیرە قەرەبووی ئەو جووتیارانە کراوەتەوە، کە بەهۆی شەختەوە زیانیان بەرکەوتووە.
- 321 پڕۆژەی ژێرخانی ئاو تەواو کراون (22 بەنداو، 70 پڕۆژەی ئاودێری و 6 وێستگەی کارەبای ئاوی).
- 517 ملیۆن نەمام چێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ