رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا کە رۆژی چوارشەممە 07-01-2026 بەڕێوەچوو، سێ پەرلەمانتار پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کرد و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازییان لێ کرا.
ژمارەی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی لە 272 بۆ 275 بەرزبووەوە، ژمارەی فراکسیۆنی رێبازی نوێ بۆ 20 دابەزی و کەوتە مەترسیی هەڵوەشانەوەوە.
عیسا مەسیح شاهین، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی پارتی ئاییندە کە دەستی لەکارکێشابووەوە رایگەیاند، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی، بە فەرمی پەیوەندیی بە ئاکپارتییەوە کرد.
شاهین کە پێشتر لەناو ئاکپارتیدا سیاسەتی کردووە، گوتی، "دەگەڕێینەوە ماڵەکەی خۆمان. گەورەترین پاڵنەرمان ئەوەیە کە ئێستا کاتی ناڕەزایی نییە، بەڵکو بەهۆی قەیرانەکانی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی جیهان، کاتی یەکڕیزیی نێوخۆییە."
جگە لە شاهین، دوو پەرلەمانتاری دیکەش پەیوەندی بە ئاکپارتییەوە دەکەن.
عیرفان کاراتوتڵو کە رۆژی دووشەممە 05-01-2026 دەستلەکارکێشانەوەی لە پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) راگەیاند، بە هەمانشێوە بووە ئەندامی ئاکپارتی.
حەسەن ئوفوک چاکر، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دوای ئەوەی درایە لیژنەی دیسپلینی پارتەکەی، دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند.
عیسا مەسیح شاهین، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە بازنەی ئیستەنبووڵ، سێیەم پەرلەمانتارە کە پەیوەندی بە ئاکپارتییەوە دەکات.
عیسا مەسیح شاهین پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) بوو و رۆژی 19ی تەممووزی 2024 دەستی لەکار کێشایەوە.
شاهین دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵیدا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازییەکی گەرمی لێکردووە و گوتی، "ئاکپارتی بۆ من لانکەی گەنجی بوو؛ 17 ساڵ تێیدا سیاسەتم کردووە. پێمانوایە لەم قۆناخەدا کاتی ناڕەزایی نییە، بەڵکو دەبێت بە ئیرادەیەکی هاوبەش و لەژێر سەرکردایەتییەکی بەهێزی وەک جەنابی سەرۆککۆماردا، پێکەوە بۆ تورکیایەکی بەهێز تێبکۆشین. دەبینین کە پێویستە ئەمەش لەناو ماڵەکەی خۆماندا بێت، واتە دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەکەی خۆمان."
لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە ژمارەی پەرلەمانتارانی پارت و لایەنەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هات؛ ژمارەی کورسییەکانی ئاکپارتی لە 273 بۆ 275 بەرزبووەوە.
لە بەرامبەردا ژمارەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی رێبازی نوێ کە لەلایەن پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا)، پارتی سەعادەت و پارتی ئایندە پێکهێندراوە، دابەزی بۆ 20 کورسی. ئەگەر یەک پەرلەمانتاری دیکە دەستلەکار بکێشێتەوە، فراکسیۆنی رێبازی نوێ هەڵدەوەشێتەوە، چونکە بەگوێرەی یاسای پەرلەمانی تورکیا، فراکسیۆن نابێت کەمتر لە 20 پەرلەمانتاری هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ