گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەش لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 18,342 کەس

10-02-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەش لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ 18 هەزار و 342 کەس بەرزبووەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتە 74 هەزار و 242 کەس.
 
بەگوێرەی دوایین ئامار کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاوکراوەتەوە، لە کاژێر 08:30 خولەکی ئەمڕۆ هەینی 10ی شووباتی 2023 بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەش کە پارێزگاکانی مەرەش، دیلۆک، رووها، ئامەد، سەمسوور، کیلیس، مەڵەتی و خارپێتی لە باکووری کوردستان و هاتای، عوسمانییە و ئادانای لە تورکیا گرتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 18 هەزار و 342 کەس و 74 هەزار و 242 کەسیش بریندارن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، تائێستا 75 هەزار و 780 کەس لەو ناوچانەی بوومەلەرزە لێیداون، گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە.
 
 
دوای ئەو دوو بوومەلەرزەیەی کە رۆژی 6ی شووباتی 2023 بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە شارۆچکەکانی پازارجخ و ئەلبیستانی مەرەشی دا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1400 پاشلەرزە روویانداوە، کە 6 پاشلەرزە 6 پلەی رێختەر بووە و 25 پاشلەرزە 5 پلەی رێختەر بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە