رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا (RTÜK) لە ساڵی 2025ـدا بە بڕی 146 ملیۆن لیرە (نزیکەی 3.4 ملیۆن دۆلار) سزای بەسەر دەزگاکانی راگەیاندن دا سەپاندووە. ئەندامێکی ئەو ئەنجوومەنەش ساڵەکە بە "ساڵی بارینی سزا بەسەر هەواڵ و شرۆڤەکاندا" ناو دەبات.
تونجای کەسەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا لە پشکی جەهەپە، راپۆرتی کارەکانی ساڵی 2025ـی دامەزراوەکەی بڵاوکردەوە. بە گوێرەی راپۆرتەکە، (RTÜK) لەو ساڵەدا 99 بڕیاری سزادانی دەرکردووە و کۆی سزاکان گەیشتوونەتە 146 ملیۆن و 700 هەزار لیرە، کە بەسەر 32 دامەزراوەی میدیایی جیاوازدا دابەش بوون.
سزاکان بەسەر کێدا باریون؟
بەپێی ئامارەکان، "پشکی شێر"ـی سزاکان بەر میدیاکانی نزیک لە ئۆپۆزیسیۆن و ئەوانە کەوتووە کە بە میدیای رەخنەگر ناسراون. لە کۆی سزاکان، 61 سزایان رووبەڕووی کەناڵە تەلەڤیزیۆنییە نیشتمانییەکان بوونەتەوە کە بڕەکەی دەکاتە 141 ملیۆن و 700 هەزار لیرە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، جگە لە سزای دارایی، بە پاساوی "پێشێلکردنی بنەماکانی پەخش"، بەگشتی 25 رۆژ سزای "راگرتنی پەخش" بەسەر کەناڵەکاندا سەپێندراوە.
پشکی کەناڵەکان لە سزاکان بەمشێوەیە بووە:
Sözcü TV: 15 سزای دارایی و 10 رۆژ راگرتنی پەخش.
TELE1: 15 سزای دارایی و 5 رۆژ راگرتنی پەخش.
Halk TV: 13 سزای دارایی و 10 رۆژ راگرتنی پەخش.
NOW TV: 5 سزای جیاواز بەهۆی پڕۆگرامە هەواڵییەکانییەوە.
هەروەها حەوت پڕۆگرامی ئەو کەناڵانە بە کۆی گشتی 29 جار راگیراون.
پلاتفۆرمە جیهانییەکانیش بێبەش نەبوون
سزاکانی (RTÜK) تەنیا میدیای ناوخۆیی نەگرتووەتەوە، بەڵکو پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە جیهانییەکانیشی گرتووەتەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، 10 بەرهەمی جیاواز لە پلاتفۆرمەکانی (Netflix, Prime Video, MUBİ, HBO Max, Disney XD و Spotify) لە لیستی پەخش دەرهێنراون و قەدەخە کراون.
"RTÜK بێلایەن نییە"
تونجای کەسەر، کە هاوکات ئەندامی کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی هاوچەرخ و سەندیکای رۆژنامەڤانانە و لە ئایاری 2025 بۆ جاری دووەم وەک ئەندامی (RTÜK) هەڵبژێردرایەوە، رەخنەی تووند لە سیاسەتی دامەزراوەکەی دەگرێت.
کەسەر دەڵێت: "ئەم سزایانە زیان لە مافی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دەدەن. ئازادیی رادەربڕین تەنیا بۆ ئەو بۆچوونانە نییە کە زۆرینە پێیان خۆشە، بەڵکو دەبێت ئەو بۆچوونانەش بگرێتەوە کە رەخنە لە دەسەڵاتی سیاسی دەگرن و رەنگە بێزارکەر بن".
بە بڕوای ئەو ئەندامەی پشکی جەهەپە، ناکرێت بگوترێت دەزگای باڵای رادیۆ و تەلەڤزیۆنەکانی تورکیا "بێلایەنانە و دادپەروەرانە" مامەڵە لەگەڵ میدیاکاندا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ