ئەردۆغان: دەبێت ئەم شەڕە زوو رابگیرێ

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، پێویستە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێش ئەوەی گەورەتر بێ، رابگیرێت.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە لە هەمانکاتدا سەرۆکی ئاکپارتییە، رۆژی چوارشەممە 11 ـی ئاداری 2026، لە گوتارێکدا کە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا پێشکێشی کرد، ئاماژەی بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و رایگەیاند، پێویستە شەڕەکە رابگیرێ پێش ئەوەی فراوانتر بێت. 
 
ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە تورکیا هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بەردەوامی پێدەدات.
 
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ماوەیەکی درێژە قەیران و پێکدادانەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامن و گوتی: "ئەو شەڕەی بە هاندانی ئیسرائیل دژی دراوسێمان، ئێران دەستیپێکرد، وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتەوە و زیانێکی گەورەی بە ناوچەکە گەیاندووە".
 
ئەردۆغان گوتیشی: "لەکاتێکدا دەرفەتی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ هەبوو، بەهۆی هەڵەی هەژمارکردن و هاندانەوە، ناوچەکەمان جارێکی دیکە بۆنی خوێن و بارووتی گرتووە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، لە یەکەم رۆژی جەنگەکەدا 175 قوتابی لە ئێران کوژران، ژمارەیەک لە کەسایەتییە باڵاکانی ئێران کوژران، ژێرخانی وڵاتەکە زیانی بەرکەوتووە و خەڵک رووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەتەوە.
 
"باجی شەڕەکە دەکەوێتە سەر هەموو جیهان"
 
ئەردۆغان رایگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر ئێران گوشاریان لەسەر ئابووریی جیهانیش دروستکردووە و گوتی، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەریی لەسەر هەموو جیهان هەبووە.
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، تورکیا بەرامبەر قەیرانەکانی ناوچەکە بێباک نییە و رایگەیاند: "وەک تورکیا، ئێمە وڵاتێک نین کە بەرامبەر قەیرانەکانی دەوروبەرمان بێباک بین. ساڵانێکە هەوڵ دەدەین رێگری بکەین لە لابردنی گرژییەکان و دڵنیابینەوە لەوەی کێشەکە لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر دەکرێ."
 
"زیاتر لە 20 پەیوەندیی تەلەفۆنیم ئەنجامداوە"
 
ئەردۆغان ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان کرد و رایگەیاند، پەیوەندییان لەگەڵ ئێران، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کردووە و گوتی: "زیاتر لە 20 پەیوەندیی تەلەفۆنیم ئەنجامداوە. هیوامان بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان لەدەست نەداوە. پێویستە ئەم شەڕە رابگیرێ پێش ئەوەی فراوانتر بێت و ناوچەکە بە تەواوی بخاتە ناو ئاگرەوە. ئەگەر دەرفەت بە دیپلۆماسی بدرێت، سەرکەوتن مسۆگەرە."
 
ئەردۆغان گوتی، تورکیا لەم پرۆسەیەدا بە وریاییەوە مامەڵەی کردووە و رێوشوێنی پێویست دژی هەر گرژییەکی نوێ کە لەوانەیە لە ناوچەکەدا رووبدات، گیراوەتەبەر.
 
هۆشداری لەبارەی مشتومڕی مەزهەبی
 
ئەردۆغان سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە لە رۆژانی رابردوودا مشتومڕی مەزهەبی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زیادیکردووە و رایگەیاند، پێویستە هەموو لایەک خۆی لەم جۆرە گوتارانە بەدوور بگرێ.
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "ئێمە هەرگیز بەو چاوەوە سەیری گەلی ئێرانمان نەکردووە کە 'ئەمە شیعەیە، ئەمە سوننەیە، ئەمە تورکە، ئەمە کوردە'، هەروەک چۆن سەیری تەواوی ناوچەکەمان کردووە. وەک نەتەوەیەک، بۆ ئێمە تەنیا مرۆڤ بوونی هەیە. لەگەڵ هەر کەسێکین کە ستەمی لێکرابێت."
 
"تورکیا وڵاتێکی ئاسایی نییە"
 
ئەردۆغان باسی ئەوەی کرد کە هەندێک لایەن بانگەشەی جۆراوجۆر لەبارەی تورکیاوە دەکەن و رایگەیاند، ئەم گوتارانە بەشێکن لەو هەڵمەتانەی لەلایەن لۆبییە دژە تورکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.
 
بە ئاماژەدان بەوەی، تورکیا لە ناوچەکەدا لایەنگری ئاشتییە، ئەردۆغان گوتی: "ئێمە بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی ئێران، لوبنان و هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەکەین. چاومان لە سەروەریی هیچ وڵاتێک نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە