رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، باڵیۆزی ئێرانی لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد و داوای روونکردنەوەی لێکرد لەبارەی ئەو مووشەکە بالیستییەی لە ناوخۆی ئێرانەوە ئاراستەی تورکیا کرابوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەهۆی تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستی لە ئاسمانی پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان، کە لە ناوخۆی ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد. لە دیدارەکەدا نیگەرانییە قووڵەکانی ئەنقەرە بە باڵیۆزی ئێران گەیێندراوە و داوای روونکردنەوەی بەپەلە لە تاران کراوە.
ئەمە دووەمجارە لە ماوەی هەفتەیەکدا دکتۆر محەممەد حەسەن حەبیبوڵڵا زادە، باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە دەکرێت؛ جاری یەکەم لە 4ی ئاداری ئەمساڵ بوو کە بەهەمان مەبەست یاداشتنامەی ناڕەزایەتیی تورکیای پێدرابوو.
بانگهێشتکردنی باڵیۆزەکە دوای گوتارێکی تووندی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هات کە رایگەیاند: "سەرەڕای هۆشدارییە جدییەکانمان، بەردەوام هەنگاوی زۆر هەڵە و وروژێنەر دەنرێن کە دۆستایەتیی تورکیا دەخاتە بارێکی سەختەوە."
ئەردۆغان هۆشداریی دایە دەسەڵاتدارانی ئێران و گوتی: "نابێت بچنە نێو حیساباتێکەوە کە برینی قووڵ لە دڵ و هزری گەلەکەماندا دروستبکات و سێبەر بخاتە سەر پەیوەندیی هەزار ساڵەی دراوسێیەتی و برایەتیمان. جارێکی دیکە بیریان دەهێنمەوە کە نابێت لەسەر هەڵە سوور بن و پێداگیری لێبکەن."
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێی ناوەتە 10یەمین رۆژییەوە. ئەو مووشەکەی بووەتە هۆی تووڕەیی ئەنقەرە، لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ناتۆوە لە ئاسمانی قەزای شاهینبەی لە دیلۆک تێکشکێندرا و پارچەکانی لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی کەوتنە خوارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ