رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کۆبووەوە؛ کۆبوونەوەکە بە شێوەی "داخراو" بوو و چوار کاژێری خایاند، تێیدا وەزیرانی دەرەوە و بەرگری دوایین پێشهاتەکانیان بۆ پەرلەمانتاران روون کردەوە.
شەوی سێشەممە، 11-03-2026، پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا زانیاریی لەبارەی جموجووڵە دیپلۆماسییەکانی دوای هێرشەکان، هەوڵەکان بۆ ئاگربەست و هاوکێشە نوێیەکانی ناوچەکە پێشکێشی پەرلەمانتاران کرد.
هاوکات، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، وردەکاریی تەکنیکی لەبارەی ئاسایشی سنوورەکان، رێوشوێنە سەربازییەکانی سوپا و ئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران لە ئەنجامی شەڕەکەوە خستەڕوو.
بەهۆی ئەوەی دانیشتنەکە بە شێوەی "کۆبوونەوەی داخراو" بەڕێوەچوو، بەپێی یاساکانی ناوخۆی پەرلەمانی تورکیا، کۆنووس و ناوەڕۆکی قسەکانی نێو کۆبوونەوەکە وەک "نهێنی" دەمێننەوە و تاوەکو 10 ساڵی دیکە بڵاوناکرێنەوە.
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان، دانیشتنەکەی هەڵگرت و رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمان رۆژی چوارشەممە، کاژێر 14:00 دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ