موحەڕەم ئینجە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەربژێرکرد

12-03-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارتی مەملەکەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بەربژێربوونی موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی پارتەکەی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا راگەیاند.
 
دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە 12-3-2023 پرۆسەیەکی دەنگدان لە سەرکردایەتیی پارتی مەملەکەت بەڕێوەچوو، موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی پارتەکە بەربژێرکرا بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا. 
 
ئیپەک ئۆزکاڵ، گوتەبێژی پارتی مەملەکەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیاند: "105 هەزار و 326 کەس لە جەماوەرانی پارتی مەملەکەت مافی دەنگدانیان بەدەستهێنا. بە کۆی دەنگ بەڕێز موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی گشتیی پارتەکەمان هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێر پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا کە بڕیارە رۆژی 14-5-2023 بەڕێوەبچێت." 
 
موحەڕەم ئینجە بەر لەوەی وەکو بەربژێری پارتی مەملەکەت رابگەیێندرێت، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی میدیاکانی دایەوە و جەختیکردەوە کە ئەتاتورک "هێڵی سووری" پارتەکەیانە و هەموو ئەو لایەنانەی بۆ رێککەوتن و سازان رەتکردنەوە کە کێشەیان لەگەڵ ئەتاتورک هەیە.
 
ئینجە: هوداپار هێندەی پەکەکە مەترسیدارە
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بە هوداپار کە رۆژی شەممەی رابردوو پشتگیریی خۆی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا راگەیاند. ئینجە گوتی: "هوداپار زۆر مەترسیدارە. زۆر بە مەترسیداری دەزانم. هێندەی پەکەکە بە مەترسیداری دەزانم." 
 
پارتی مەملەکەت کە زۆربەی ئەندام و لایەنگرانی لە جەهەپە جیابوونەتەوە، ئێستا خاوەنی دوو کورسییە لە پەرلەمانی تورکیادا. هەریەک لە حوسەین عەونی ئاکسۆی لە بازنەی کارابوک و ئۆزجان ئۆزەل لە بازنەی یاڵۆڤا پەرلەمانتاری پارتی مەملەکەتن. ئەو پارتە کە پێشتر لە سەروبەندی راگەیاندنی هاوپەیمانییەک بوو لەگەڵ پارتی زافەر، بەڵام هەفتەیەک لەمەوبەر دەستی لەو هاوپەیمانییە کێشایەوە.
 
موحەڕەم ئینجە کێیە؟
 
- 4ی ئایاری 1964 لەدایکبووە.
- خوێندنی بنەڕەتی و دواناوەندیی لە پارێزگای یاڵۆڤا تەواوکردووە.
- بەشی فیزیای لە زانکۆی باڵیکەسیر تەواوکردووە.
- مامۆستای فیزیا بووە.
- ساڵی 2002 بە پەرلەمانتاری جەهەپە هەڵبژێردرا.
- ساڵی 2007 جارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە.
- ساڵی 2015 وەکو پەرلەمانتاری جەهەپە بۆ سێیەم جار هەڵبژێردرایەوە.
- ساڵی 2018 بەربژێری جەهەپە بوو بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، بەڵام دەرنەچوو.
- 8ی شوباتی 2021 بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە جەهەپە راگەیاند.
- 17ی ئایاری 2021 پارتێکی نوێی بەناوی "مەملەکەت" راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گولجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی و گوتەبێژی ئینیسیاتیڤی یەکێتیی دیموکراتیک

دەم پارتی داوای لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی دەکات

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکات لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و داواکاریی خوێندن بە زمانی دایک بکات؛ دەشڵێت: "سیاسەتی 'یەک زمانی' یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پرسی کورد."