رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس لە تورکیا دوای ئەوەی کچێکی تەمەن 30 ساڵیان بەناوی (کوبرا یاپیجی) کوشتووە، چوونەتە نێو هەژماری ئینستاگرامەکەی و بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە زیندووە، لایک و کۆمێنتیان کردووە. ئێستا ئەو دوو کەسە دەستگیرکراون و خراونەتە زیندانەوە.
رووداوەکە 30-4-2026 لە پارێزگای ئەنتالیا روویداوە و دوای گەڕان و پشکنینی زۆر، پۆلیس سەرەداوێکی دەستکەوتووە کە ئەویش دوو کەسی گومانلێکراو بوون و لە دوایین ساتەکانی دیارنەمانی کوبرا یاپیجی لەگەڵی بوون.
یونس یاپجی، باوکی کوبرا، دەڵێ، تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان دوای کوشتنی کچەکەی، چوونەتە نێو هەژمارە سۆشیاڵ میدیاکانی و لایک و کۆمێنتیان کردووە بۆ ئەوەی وا نیشان بدەن کە کچەکە هێشتا زیندووە.
باوکی کوبرا دەڵێ: "ئەو رۆژەی هەواڵەکەمان پێگەیشت، ئێوارەکەی بینیمان لە ئینستاگرامەکەی چالاکە و لایکی کردووە. ئێمەش بەوە دڵخۆش بووین و گوتمان زیندووە".
لە شاری بوردور، نموونەی DNA لەو خێزانە وەرگیرا کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوبرا یاپجی چووبوونە دادپزیشکیی ئەنتالیا؛ دەرکەوت کوبرا کوژراوە و جەستەی شێوێندراوە.
پێشهاتەکانی دۆسیەی کوژرانی کوبرا یاپیجی
30ی نیسانی 2026
- کوبرا یاپجیی تەمەن 30 ساڵ کە لە ناوچەی سەریکی پارێزگای ئەنتالیا دەژیا، لە کاژێر 02:00ی بەرەبەیان دیار نەما.
- خێزانەکەی و بەتایبەتیش یونس یاپیجی لە داواکاری گشتی سکاڵایان بێسەروشوێنبوونی کچەکەیان تۆمارکرد.
- کامێراکانی چاودێری دەریانخست کە کوبرا یاپجی کاژێر 03:30ی بەرەبەیان لە کافتریایەک لە ناوچەی کەپەزی ئەنتالیا لەگەڵ دوو کوڕ بینراوە و کاژێر 04:45 لەگەڵ هەمان ئەو دوو کەسە لەوێ رۆیشتووە.
رۆژانی یەک تا پێنجی ئایاری 2026
- تیمەکانی پۆلیس و جەندرمە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانیان دەستپێکرد و هەریەک لە (ئیلیاس ئوموت داڵگار و ئاتابەرک سەزەن)یان دەستگیرکرد کە ئەوشەوە لەگەڵ کوبرا بوون.
- دەرکەوت لە گوتەکانی هەردوو تۆمەتباردا شتی دژبەیەک هەیە.
- تۆمەتبارەکان سەرەتا گوتوویانە کوبرایان لەبەردەم مارکێتێک دابەزاندووە، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو مارکێتە لەو کاتەدا داخرابوو.
- لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا بەڵگەی ئەوە بەدەست هات کە تاوانەکە لە ناوچەیەکی دارستانیی پارێزگای بوردور کراوە.
رۆژی 5 و 6ی ئایاری 2026
- راگەیێندرا کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە ناوی ئیلیاس ئوموت داڵگار، دانی بە تاوانەکەدا ناوە.
- بەگوێرەی دانپێدانانەکان، ئەو دوو کەسە کوبرا یاپیجییان بردووەتە ناوچە دارستانییەکانی بوردور و لەوێ بە دەمانچە کوشتوویانە.
- لە مەلەفی لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە، سەرەتا تەرمەکەیان لە شوێنێک شاردوەتەوە.
- دواتر تۆمەتبارەکان گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی تاوانەکە؛ تەرمەکەیان دەرهێناوە و بە بەنزین سووتاندوویانە.
- بەشێک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە کە بەشە نەسووتاوەکەی جەستەی کوبرا وردکراوە و دواتر خراوەتە نێو کیسە و لە شوێنی جیاواز فڕێدراوە.
رۆژی 6-5-2026
- لە ئەنجامی پشکنینی شوێنی رووداوەکە لە ناوچە دارستانییەکە، پاشماوەی جەستەی سووتاوی مرۆڤ دۆزرایەوە.- گرتە ڤیدیۆییەکانی کاتی گواستنەوەی تۆمەتبار ئیلیاس ئوموت داڵگار بۆ شوێنی رووداوەکە و گێڕانەوەی چۆنیەتیی ئەنجامدانی تاوانەکە، لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە.- بەگوێرەی دانپێدانانەکان، هۆکاری تاوانەکە بۆ (کێشەی قەرز و پارە) گەڕێندراوەتەوە و بەو شێوەیەش لە دۆسیەکەدا تۆمارکراوە.
رۆژی 7-5-2026
-لەسەر بنەمای گوتەی تۆمەتبارەکان، گەڕان لە دەوروبەری بەنداوی کۆرکوتێلی لە ئەنتالیا دەستیپێکرد.
- راگەیێندرا کە پارچەکانی تەرمی کوبرا یاپجی لە نێو بەنداوەکەدا دۆزراونەتەوە.
- هەردوو تۆمەتبار بە تۆمەتی (کوشتنی بە ئەنقەستی ژنێک) بە بڕیاری دادگە رەوانەی زیندان کران.
رۆژی 8-5-2026
- وردەکاریی نوێ لەبارەی دۆسیەکە ئاشکرا بوون.
- لە هەندێک سەرچاوەی هەواڵیدا هاتووە، تۆمەتبارەکان نزیکەی مانگێک پێشتر پلانیان بۆ تاوانەکە دانابوو و ئامانجیان دەستبەسەرداگرتنی پارەی کوبرا یاپجی بووە.
- زانراوە کە تۆمەتبارەکان لە گوتەکانیاندا تۆمەتیان ئاراستەی یەکدی کردووە.
- ئەو دەمانچەیەی کە گومان دەکرێ لە تاوانەکەدا بەکارهێنرابێت، لە ناوچەی ئاغڵاسونی سەر بە پارێزگای بوردور دۆزرایەوە.
رۆژی 9-5-2026
تەرمی کوبرا یاپیجی لە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان بە خاک سپێردرا. ئێستا لێکۆڵینەوە و پرۆسەی دادوەری لەبارەی دۆسیەکە بەردەوامە. زۆربەی زانیارییە بڵاوکراوەکان پشت بە لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی، گوتەی تۆمەتباران و سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەبەستن.
بەهۆی ئەوەی هێشتا پرۆسەی دادگاییکردن کۆتایی نەهاتووە، هەندێک لە بانگەشەکان بە بڕیاری کۆتایی دادگە یەکلایی نەکراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ