تورکیا: رۆژانە 22 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی بەرهەم دەهێنین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی رۆژانە 22 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت و لەڕێگەی بۆری و گازی شلەوە لە 39 وڵاتی جیاوازەوە گاز دابین دەکات، دەشڵێت: "لە 30 ساڵی داهاتوودا خواست لەسەر کارەبا سێ هێندە زیاد دەکات."
 
ئاڵپەرسلان بەیراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، لە کاتی کردنەوەی وێستگەیەکی کارەبای بازنەی گازی سرووشتی بە توانای 850 مێگاوات لە پارێزگای "کرکڵارئەلی" لە باکووری رۆژئاوای تورکیا، گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر پێشکەوتنەکانی وڵاتەکەی لە کەرتی وزەدا.
 
وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، تورکیا گازی سرووشتی لە 6 کیشوەر و 39 وڵات و زیاتر لە 50 سەرچاوەی جیاوازەوە لەڕێگەی بۆری یان بە شێوەی شل (LNG) دابین دەکات. گوتیشی: "ئێستا رۆژانە 22 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا بەرهەم دەهێنین، کە بە پلەی یەکەم لە کێڵگەی گازی ساکاریاوەیە."
 
بەیراکتار ئاماژەی بەوە کرد کە گەشەپێدان لە بواری وزەدا یەکێکە لە کارە بنەڕەتییەکانی "ئاسایشی نیشتمانی و سەربەخۆیی" و جەختی کردەوە کە بەهۆی ئەو پڕۆژە نێودەوڵەتییانەی جێبەجێیان کردووە، تورکیا هیچ کێشەیەکی لە دابینکردنی گازی سرووشتیدا نییە.
 
سەبارەت بە کاریگەریی قەیرانە جیهانییەکان، وەزیری وزەی تورکیا گوتی: "بەهۆی ئەو سیاسەتانەی لە ساڵانی رابردوودا جێبەجێمان کرد، تورکیا بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی کەمترین کاریگەریی قەیرانەکانی وزەی لەسەر بووە و زۆرترین خۆڕاگری هەیە."
 
بەیراکتار باسی لە زیادبوونی خواست لەسەر وزە کرد و رایگەیاند، بەهۆی گەشەی پیشەسازی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، خواست لەسەر کارەبا کە لە 23 ساڵی رابردوودا سێ هێندە زیادی کردووە، "پێشبینی دەکەین لە 30 ساڵی داهاتوودا جارێکی دیکە سێ هێندە زیاد بکاتەوە."
 
ئەو وەزیرەی تورکیا باسی لەوەش کرد کە تەکنەلۆژیا نوێیەکانی وەک "ژیریی دەستکرد، ناوەندەکانی داتا و ئۆتۆمبێلی کارەبایی" پێویستیان بە کارەبایەکی کوالێتی بەرز و بێ پچڕان هەیە، بۆیە تورکیا پلانی درێژخایەنی وزەی خۆی نوێ دەکاتەوە و وەبەرهێنانی زیاتر لە وزەی نوێبووەوە و وزەی ئەتۆمدا دەکات.
 
بەیراکتار ئاشکرای کرد کە ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبای تورکیا 125 هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە، کە 63%ـی لە سەرچاوەی وزەی نوێبووەوەوە دێت. ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا ساڵانە نزیکەی 60 ملیار مەتر سێجا گاز بەکاردەهێنێت و لەو رووەوە لە پلەی چوارەمی ئەوروپادایە.
 
وەزیری وزەی تورکیا لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، توانای دووبارە گۆڕینی گازی شل بۆ گازی سرووشتی لە ساڵی 2016ـەوە پێنج هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 161 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا، لە چەند ساڵی داهاتووشدا ئەو بڕە بۆ 200 ملیۆن مەتر سێجا بەرز دەکەنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا

ئارنچ بۆ باخچەلی: پێش پێگەی ئۆجەلان کێشەی دوورخرانەوەی فەرمانبەران چارەسەر بکەن

بولەنت ئارنچ، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی و سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، رەخنە لە پێشنیارەکەی دەوڵەت باخچەلی دەگرێت و دەڵێت، پێش ئەوەی باس لە پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکرێت، پێویستە کێشەی ئەو کەسانە چارەسەر بکرێت کە بە "بڕیاری سیاسی" لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.