رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵوو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا، لەگەڵ هاوژینەکەی لە ئەنقەرە دەنگی دا.
کڵچدارئۆغڵوو دواتر لێدوانێکی کورتی بۆ رۆژنامەڤانان دا و گوتی، "لەمەودوا دەبینن بەهار دێتە ئەم وڵاتە و بەهار هەر بەردەوام دەبێت".
کڵچدارئۆغڵوو لە لایەن هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییشەوە پاڵپشتی دەکرێت؛ پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) هێزی یەکەمی ئەو هاوپەیمانییەیە کە هەدەپەیە و بەو ناوەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکات.
سێ کەس بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمارن؛ رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور؛ کەمال کڵچدارئۆغڵوو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت و سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا، بەڵام رکابەرایەتییە تووندەکە لەنێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵوودایە.
دەقی گوتەکانی کەمال کڵچدارئۆغڵوو، بەربژێری هاوپەیمانی میللەت:
سوپاسی هەموو هاووڵاتییانم دەکەم. دەمەوێت رێز و خۆشەویستی قووڵی خۆم دەرببڕم بۆ هەموو هاووڵاتییان کە دەچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ دەدەن. هەموومان زۆر بیری دیموکراسیمان کردووە؛ هەموومان بیری پێکەوەبوونمان کردووە؛ هەموومان بیری لەئامێزگرتن دەکەین. لەمەودوا دەبینن، بە پشتیوانی خودا بەهار دێتە ئەم وڵاتە و بەهار هەر بەردەوام دەبێت".
بایۆگرافیی کەمـــــال کڵچدارئۆغـــــڵوو:
- بەربژێری هاوپەیمانی میللـەتە
- ساڵی 1948 لە دێرسم-ی باکووری کوردستان لەدایکبووە
- لە ساڵی 1971 بەکالۆریۆسی لە زانستەکانی کارگێڕی و ئابووری بەدەستهێناوە
- ئابووریناس و سیاسەتڤان و بیرۆکراتە
- لە ساڵی 2002 لە بازنەی ئیستەنبووڵ بووە پەرلەمانتاری جەهەپە
- چوار خولە سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە-یە
- لە ساڵی 2007 بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرا
- لە ساڵی 1974 لەگەڵ سێلڤی گوندوز ژیانی هاوژینی پێکهێناوە
- باوکی دوو کچ و کوڕێکە
- زمانی فەرەنسی دەزانێت و لە شێوەزاری کوردی-زازاکی تێدەگات
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ