ئەردۆغان بۆ ئیسرائیل و یۆنان: مافی کەس ناخۆین و رێگەش نادەین مافمان بخورێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان بە تووندی هێرش دەکاتە سەر لووتکە سێقۆڵییەکەی نێوان ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس و رایدەگەیەنێت، ئەوانەی خوێنی زیاتر لە 70 هەزار فەلەستینییان بەدەستەوەیە بێڕێزییەکانیان وەک "تەنەکەیەکی قۆپاو" وایە و "نەکەوتینە نێو یارییەکەوە و ناکەوینە ناویەوە."
 
ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، لە کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی پارتەکەی گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا باسی لە لووتکەی سێقۆڵیی نێوان بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل؛ کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان و نیکۆس کریستۆدۆلیدیس، سەرۆکی قوبرسی باشوور کرد کە رۆژی 22-12-2025 لە قودس بەڕێوەچوو.
 
ئەردۆغان بەم وشانە پەیامی ئاراستەی سێ وڵاتەکە کرد: "با هەمووان بزانن ئێمە، وەک دوێنێ، ئەمڕۆش لەگەڵ ئاشتیداین. بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە بە نادادپەروەری رازی دەبین و لە بەرامبەر ستەمدا بێدەنگ دەبین. هەرگیز."
 
ئەردۆغان راشیگەیاند، "بەهۆی هەراسانکردنەکانەوە تووڕە نەبووین و تووڕە نابین. وەک تورکیا؛ لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و رێککەوتنە دووقۆڵییەکانماندا، بە شێوەیەک کە شایستەی ئەزموونە مێژووییەکانمان و نەریتە ریشەدارەکانمان بێت، بە شکۆ، ژیری، هۆشیاری و ئارامییەوە بەردەوام دەبین لە جوڵە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری دا کە لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی و دەریای ئیجە، نە مافی کەس دەخۆن و نە رێگەش دەدەن مافیان بخورێت، بەتایبەت مافی تورکەکانی قوبرس.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، ئەردۆغان گوتی: "رێککەوتن دەکرێت، واژۆ دەکرێت، پەیامی جۆراوجۆر دەدرێت؛ هیچ کام لەمانە ئێمە پابەند ناکەن. بێڕێزییەکانی ئەوانەی خوێنی زیاتر لە 70 هەزار خوشک و برای فەلەستینیمان بە دەستیانەوەیە، لای ئێمە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ تەنەکەیەکی قۆپاو نییە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان رەخنەی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری و گوتی: "هاوپەیمانیی جمهور، بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت، هەموو جەستەی خستووەتە ژێر بەرپرسیارێتییەوە؛ بەڵام لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیدا نە جدییەت، نە ئیرادە و نە هیچ پێشنیازێکی کۆنکرێتی نییە."
 
لە سەرەتای گوتارەکەیدا، ئەردۆغان سەرەخۆشیی خۆی بۆ رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی شاندی لیبیا دەربڕی کە دوێنێ ئێوارە لە ئەنقەرە روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی فەریق محەممەد عەلی ئەحمەد ئەلحەداد، سوپاسالاری لیبیا و شاندی یاوەری.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە