کوڕەکەی ئەربەکان خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەربژێر کرد

20-03-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فاتیح ئەربەکان، کوڕی نەجمەددین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا کە لە هەمانکاتدا سەرۆکی گشتیی پارتی یەنیدان رەفاهە رایگەیاند، پارتەکەیان بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات و خۆشی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەربژێر کرد. 
 
لەکاتێکدا پارتە سیاسییەکانی تورکیا پەیتا پەیتا هەڵوێست و سیاسەتی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵ رووندەکەنەوە، پارتی یەنیدان رەفاهیش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆککۆماری تورکیا خۆی یەکلاکردەوە. 
 
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی گشتیی پارتی یەنیدان رەفاهـ، ئەمڕۆ دووشەممە 20-3-2023 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "لە ئەنجامی راوێژ و دانوستاندنێکی بەرفراوان لەگەڵ بەرپرسان و رێکخستنەکانمان، بڕیارماندا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی رۆژی 14ی ئایاری 2023 بەشداری لە هیچ هاوپەیمانییەکدا ناکەین و لە تەواوی بازنەکاندا بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەشداری بکەین".
 
فاتیح ئەربەکان هەروەها سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماریش رایگەیاند، کە خۆی بەربژێر دەکات. تەنیا کاژێرێک دوای کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە چووە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا و فۆرمی بەربژێربوونی پڕکردەوە. 
 
رۆژی 10-3-2023 شاندێکی ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی بینالی یڵدرم، بریکاری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی سەردانی بارەگای پارتی یەنیدان رەفاهی کرد و دوای کۆبوونەوە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد. ئەوکات بینالی یڵدرم رایگەیاند کۆبوونەوەکەیان بەرهەمدار بووە و هیواشی خواست لەم هەڵبژاردنەدا پارتی یەنیدان رەفاهیش ببێتە هاوڕێبازیان. 
 
لە وەڵامدا فاتیح ئەربەکان گوتی: "ئاڵوگۆڕی بیروڕامان کرد و داوایانکرد بۆ هەڵبژاردنەکەی 14ی ئایار پارتەکەمان لە نێو هاوپەیمانیی جمهوور ببینن. ئێمەش ئەم بانگهێشتە لەگەڵ بەرپرسانی خۆمان تاوتوێدەکەین و لە کورتترین ماوەدا وەڵامیان دەدەینەوە." 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، فاتیح ئەربەکان رایگەیاند، بەگوێرەی راوێژ و هەڵسەنگاندن، بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن بە لیستی سەربەخۆ،  لە بەرژەوەندیی پارتەکەیانە و لە ئایندەدا روونکردنەوەی زیاتریان دەبێت.
 
فاتیح ئەربەکان، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی یەنیدان رەفاهە، کە پارتێکی ئیسلامییە و ساڵی 2018 دامەزراوە. فاتیح، کوڕی نەجمەددین ئەربەکان دامەزرێنەری پارتی رەفاهە. نەجمەددین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا بوو و لە ساڵانی نێوان 1996-1997 بە کودەتایەکی سەربازیی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا. 
 
یەندیدان رەفاهـ کە بە مانای سەرلەنوێ رەفاهـ دێت، ناوەکەی لە پارتی رەفاهی نەجمەددین ئەربەکانەوە وەرگیراوە. ئەو پارتە پێشتر لە پارتی سەعادەت جیابووەوە. تائێستا بەشداریی لە هیچ هەڵبژاردنێکدا نەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە