رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامێکی تووندی ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل دەداتەوە و دەڵێت، لێدوان و رەفتارەکانی بەرامبەر بە چالاکڤانانی کەشتییەکانی هاوکاری بۆ غەززە، "هاندانی رق و کینە و تووندوتیژییە."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لێدوانەکانی وەزیرە ئیسرائیلییەکە سەبارەت بە "کەشتیگەلی جیهانیی سومود"، کە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بە "نایاسایی" دەستی بەسەردا گیراوە، "گوتاری رق و کینە و هاندانە بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژیی جەستەیی."
ئەم کاردانەوەیەی ئەنقەرە دوای ئەوە دێت، کە ئیتامار بن گڤیر لە هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکەی بڵاوکردەوە، تێیدا گاڵتە بەو چالاکڤانانە دەکات کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون، کەلەپچە کراون و لەسەر سک درێژکراون.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بن گڤیری وەک "یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵکوژیی غەززە" ناوبرد و رایگەیاند، حکومەتی نەتەنیاهوو بەم رەفتارانەی "جارێکی دیکە هەڵوێستی تووندوتیژ و بەربەریانەی خۆی بە ئاشکرا پیشانی جیهان دایەوە."
کەشتیگەلی جیهانیی سموود لە 12ی نیسانی 2026 لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیاوە بە ئامانجی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە بەڕێکەوت. کەشتیگەلەکە لە 58 کەشتی پێکهاتووە و 345 چالاکڤانی 56 وڵاتی جیاوازی لەسەرە.
لە 29ی نیسانی 2026 سوپای ئیسرائیل لە کەناراوەکانی دوورگەی کریتی یۆنان هێرشی کردە سەر بەلەمەکانی ئەو کەشتیگەلە و 175 چالاکڤانی دەستبەسەرکرد. رۆژی 18ی ئایاری 2026 جارێکی دیکە هێزە دەریاییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتەوە سەر چەند کەشتییەکی دیکەی هەمان کاروان و زیاتر لە 100 چالاکڤانیان دەستبەسەر کردووە، کە 11یان هاووڵاتیی تورکیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ