رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە دوو هەفتەدا 298 کەس لە 47 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بە تۆمەتی ئەندامبوون و کارکردن بۆ داعش دەستبەسەر کراون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئایاری 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی بڵاوکردەوە، کە بە مەبەستی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە ئەنجام دراون تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش یان کارکردن بۆی.
بە گوتەی یەرلیکایا، لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە دوو هەفتەدا لە 12 پارێزگای باکووری کوردستان و 35 پارێزگای تورکیا ئەنجامدراون، 298 کەس دەستبەسەر کراون، کە لەنێو رێکخراوی داعش کاریان کردووە و بانگەشەیان بۆ کردووە، هەروەها پاڵپشتی دارایی رێکخراوەکەیان کردووە.
ئۆپەراسیۆنەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و فەرماندەییەکانی جەندرمەی پارێزگاکان بە هاوئاهەنگیی سەرۆکایەتیی داواکارانی گشتی و سەرۆکایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەرۆکایەتی هەواڵگری ئەنجامدراون.
لە ئۆپەراسیۆنەکاندا چەندین بەڵگەنامەی رێکخراوەیی و کەرەستەی دیجیتاڵی لەگەڵ دەمانچەی بێ مۆڵەت دەستیان بەسەرداگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ