هەدەپە: بەربژێرمان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا نابێت

22-03-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بە سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، بڕیاریدا هیچ کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەربژێر نەکەن. 
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، رۆژی چوارشەممە 22ـی ئاداری 2023 لە ئەنقەرە، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە بڕیارەکەی راگەیاند، بەڵام ئەوەی نەخستەڕوو کە پاڵپشتی کام بەربژێر دەکەن. 
 
پەروین بوڵدان گوتی، "بەیانی 15ـی ئایار بە ئومێدەوە لە خەو هەڵدەستین. ئەو هێزانەی گۆڕانکاریی دیموکراسی دێننە ئاراوە، زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. پەرلەمان وەک شوێنێکی بنەڕەتی بۆ چارەسەری دیموکراسی و ئاشتیانە بۆ پرسی کورد سەیر دەکرێت." 
 
لە تورکیا رۆژی 18ـی ئاداری 2023 رۆژژمێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی و 19ی ئاداریش پێشکێشکردنی داواکاری بۆ بەربژێرانی سەرۆککۆمار دەستیپێکرد کە رۆژی پێنجشەممە 23ی ئادار کۆتاییدێت.
 
هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوە نەدا لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا پاڵپشتی لە کام بەربژێر دەکەن، بەڵام رەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت و رایگەیاند، پێداگرن لە گۆڕینی. 
 
دوو بەربژێری سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار هەن. یەکێکیان رەجەب تەیب ئەردۆغانی بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە و ئەوی دیکەشیان کڵچدارئۆغڵوی بەربژێری هاوپەیمانیی میللەتە. 
  
هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەربژێری دەبێت کە بڕیارە لە 14ـی ئایاری داهاتوو ئەنجامبدرێت. 
 
هەدەپە جگە لەو پێنج پارتە چەپەی تورکیا کە هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی پێکهێناوە، کار لەسەر ئەوە دەکات لەگەڵ پارتە کوردستانییەکانیش هاوپەیمانیی هەڵبژاردن بکات.
 
هاوپەیمانی هەدەپە لەگەڵ پارتە کوردستانییەکان لە قۆناخی گفتوگۆدایە. لە ئەگەری رێککەوتنیان، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا بە فەرمی رابگەیێندرێت.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە