رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی لەکارلادراوی ئێسەنیورتی ئیستەنبووڵ بە "تاوان"ی "ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار" سزای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆک شارەوانییە کوردە لەکارلادراوەکەی شارۆچکەی ئێسەنیورتی ئیستەنبووڵ لە لیستی جەهەپە، کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دەستگیرکرا و قەییوم لە شوێنی دانرا، بۆ سێیەمجار لە 14یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ دادگایی کرا.
داواکاری گشتی لە داواکارییەکەیدا داوای کردبوو، ئۆزەر بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار" سزای 15 ساڵ زیندانیی بەسەردا بسەپێندرێت، بەڵام دادگە بڕیارێکی دیکەی دا.
ئەحمەد ئۆزەر، پێش دەرچوونی بڕیارەکە بەرگریی لە خۆی کرد و تۆمەتەکانی رەتکردنەوە و داوای بێتاوانیی خۆی کرد.
ئۆزەر لە بەرگرییەکەیدا گوتی، نوێنەرایەتیکردنی کورد وەک تاوان پیشان دەدرێ و گوتیشی: "هەردوو باپیرم لە شەڕی چاناکالە شەهید بوون. خاکی ئەم نیشتمانە بە خوێنی خزمەکانم سوور بووە. منیش رۆڵەی ئەم نیشتمانەم، ئەم دۆسیەیە تاقیکردنەوەی راستگۆیی پرۆسەی ئاشتییە."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە و ژمارەیەک بەرپرسان و پەرلەمانتارانی پارتەکە، ئامادەی دانیشتنی دادگەکە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ