رووداو دیجیتاڵ
تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوام، پێویستە بنەماکانی ئازادی، دیموکراسی و یاسا جێگیر بکرێن. دەشڵێت: "بەبێ ئەم بنەمایانە، ئاشتییەکی راستەقینە مەحاڵە."
ئەم لێدوانانەی تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پانێڵێکدا هات کە لەلایەن "یەکێتیی ژنانی عەلەوی لە ئەڵمانیا" لەژێر ناونیشانی "ژن، ژیان، سیاسەت" لە شاری دوسلدۆرف رێکخرابوو.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە گوتارەکەیدا رەخنەی تووندی لە سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا و ئاکپارتی گرت و گوتی: "دەسەڵاتی ئێستا هەوڵدەدات لە رێگەی جەستەی ژنەوە کۆمەڵگەیەکی کۆنەپارێز بونیات بنێت. کشانەوە لە پەیماننامەی ئیستەنبووڵ و گفتوگۆکردن لەسەر یاسای پاراستنی ژنان و منداڵان، بەشێکن لەم هێرشانە."
هاتیمۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوەش کرد کە لەنێو دەم پارتیدا رێژەی بەشداریی ژنان گەیشتووەتە 50٪ و رایگەیاند: "هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتیی یەکسان تەنیا هێما نین، بەڵکو گوزارشت لە روانگەی ژن دەکەن بۆ بەڕێوەبردن."
سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان، هاتیمۆغوڵڵاری پێیوابوو سەرکەوتنی ژنانی شەڕڤان بووەتە ئیلهامبەخش بۆ ژنانی ئێران، عێراق و یەمەن، هەر بۆیەش "هێزە باوکسالارەکان" هێرش دەکەنە سەر ئەو مۆدێلە.
دەربارەی بارودۆخی سیاسیی تورکیا و ئەگەری دەستپێکردنەوەی دیالۆگ دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هاتیمۆغوڵڵاری جەختی کردەوە کە دەم پارتی بەشێکی چالاک دەبێت لە هەر پرۆسەیەکی دانوستاندن، بەڵام بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە داوای چەند هەنگاوێکی کرد:
ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی (عوسمان کاڤالا، جان ئەتەلای و چیدەم مەتەر).
ئازادکردنی دەستگیرکراوانی دۆسیەی "کۆبانێ".
جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا.
ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش و بەتەمەن.
گۆڕانکاری لە دەستوور و یاساکان بۆ دەستەبەرکردنی مافی کورد، عەلەوی و پێکهاتەکانی دیکە.
هاتیمۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی ئاشتی "درێژخایەنە" و پێویستی بە گۆڕانکاریی راستەقینە هەیە لە سیستەمی سیاسیی تورکیادا، بەجۆرێک کە هەموو پێکهاتەکان بتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و بژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ