رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی نوێی پەسند کرد کە تێیدا بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیای بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ قەدەخە کرد و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیایش پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی رێوشوێنی تووند بۆ پشتڕاستکردنەوەی تەمەنی بەکارهێنەران.
شەوی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا، پرۆژەیاسای هەموارکردنی یاسای خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان پەسند کرا.
بەپێی یاسا نوێیەکە، دابینکەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆیان نییە خزمەتگوزاری پێشکێشی ئەو منداڵانە بکەن کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت سیستمی "پشتڕاستکردنەوەی تەمەن" کارا بکەن.
بۆ ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە سەرووی 15 ساڵە، کۆمپانیاکان ناچار دەکرێن ئامرازی "کۆنترۆڵی دایکان و باوکان" دابین بکەن، کە رێگە بە خێزانەکان دەدات چاودێری رێکخستنی هەژمارەکان، مامەڵە داراییەکان و ماوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەلایەن منداڵەکانیانەوە بکەن.
یاساکە سزای تووندیشی دیاری کردووە؛ ئەو کۆمپانیایانەی رۆژانە زیاتر لە 10 ملیۆن بەکارهێنەریان لە تورکیا هەیە، ئەگەر بڕیارە بەپەلەکان لە ماوەی یەک کاتژمێردا جێبەجێ نەکەن، رووبەڕووی قەدەخەی ریکلام و کەمکردنەوەی خێرایی ئینتەرنێت (Bandwidth) دەبنەوە.
بەشێکی دیکەی یاساکە تایبەتە بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان. پلاتفۆرمەکانی یاری بۆیان نییە هیچ یارییەکی "پۆلێننەکراو" پێشکێش بکەن و دەبێت بەپێی تەمەن یارییەکان پۆلێن بکەن. هەروەها ئەو پلاتفۆرمە بیانییانەی رۆژانە 100 هەزار سەردانیکەریان لە تورکیاوە هەیە، دەبێت نوێنەری فەرمییان لە وڵاتەکەدا هەبێت.
هەر لە دانیشتنەکەدا مۆڵەتی دایکایەتی بە مووچەی تەواوەوە بۆ کارمەندانی سەربازی لە 8 هەفتەوە بۆ 16 هەفتە زیاد کرا، کۆی گشتیی ماوەی مۆڵەتەکەش گەیشتە 24 هەفتە. ئەم بڕیارە ئەو دایکانەش دەگرێتەوە کە ئێستا لە مۆڵەتدان و دەتوانن داوای 8 هەفتەی زیادە بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمان یاسای باجی کۆمپانیاکانی هەموار کردەوە، بە شێوەیەک ئەو کۆمپانیایانەی یارمەتی و بەخشین دەدەنە دامەزراوەی "دارولعەجەزە"، ئەو بڕە پارەیەیان لە باجەکەیان بۆ دەشکێنرێت. هەروەها دەسەڵات درا بەو دامەزراوەیە کە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات چێشتخانەی خێرخوازی و بانکی خۆراک بۆ هەژاران بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ