سەردار ئۆرتاچ دەڵێ لە ‌هێرشکردنە سەر ئەحمەد کایا پەشیمانە

23-05-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەردار ئۆرتاچ کە لە شەوی خەڵاتەکەی ئەحمەد کایا ئامادەبووانی بۆ نەژادپەرستی هاندا، جارێکی دیکە پەشیمانیی نیشاندا و نزای خراپی لە خۆی کرد. 
 
سەردار ئۆرتاچ، هونەرمەندی تورک لە ساڵی 1999 لە کاتی خەڵاتکردنی هونەرمەندی کورد ئەحمەد کایا، هەڵسوکەوتی نەژاتپەرستیی کردبوو. 
 
ئۆرتاچ لە کاتی بەشداریکردنی لە پەخشی راستەوخۆی یەکێک لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی باسی لە شەوی خەڵاتەکە کرد و 
گوتی "کاتێک دەگەڕێمەوە ئەو ساڵانە، دەمەوێت جەستەی خۆم ببڕم. کاکە تۆ بیر بکەوە، من ئێستا 55 ساڵم. ئەوکات تەنانەت نەتدەتوانی بە زمانی کوردی قسە بکەیت. سەیری خوالێخۆشبوو بکە! ساڵی 1999 چووە سەر سەکۆ و سەرەڕای هەموو ئەوانە قسەی خۆی کرد. باش دەیزانی دەستبەسەر دەکرێت لەسەر ئەو گوتانە. ئەوەیە بوێری! خوا من لەنێو ببات." 
 
سەردار ئۆرتاچ هەروەها رایگەیاند، دایکی خەڵکی ئورفا (رووها) بووە و ئەوانیشی فێری زمانی کوردی کردووە، گوتیشی کە ئەوکات نەیانتوانیوە بە زمانی کوردی قسە بکەن، چونکە قەدەخە بوو.
 
ئەحمەد کایا دوای ئەوەی لە شەوە ئاهەنگێکدا لە 10ـی شوباتی 1999 خەڵاتی باشترین ھونەرمەندی ساڵی پێ بەخشرا، رایگەیاند لە ئەلبوومی داھاتوویدا گۆرانییەك بە زمانی کوردی دەچڕێ، بەمەش رووبەڕووی کاردانەوەی زۆر بووەوە.
 
لە دوای گوتەکانی ئەحمەد کایا، سەردار ئۆرتاچ و سبێل جان کە دوو هونەرمەندی تورکن، چوونە سەر سەکۆ و لە بەرامبەر گوتەکانی کایا گۆرانییەکیان پێکەوە چڕی کە پەیامی ئەوەی دەدا، هەموو تورکیا لەسەر رێچکەی ئەتاتورکە و تورکیا هی ئەوانە و هی کەسی دیکە نییە.
 
ئەمەش کاردانەوەکانی بەرامبەر بە ئەحمەد کایا تووندتر کرد. بەشێک لە ئامادەبووان چەقۆ و چنگاڵیان لە ئەحمەد کایا گرت و شەوە ئاهەنگەکە بارگرژی لێکەوتەوە.
 
بەهۆی گوشارەکان، ئەحمەد کایا تورکیای جێهێشت و رۆژی 16ـی تشرینی دووەمی 2000 لە تەمەنی 43 ساڵیدا لە پاریس کۆچی دوایی کرد، لە مەراسیمێکدا کە نزیکەی 30 هەزار کەس ئامادەی بوون، بەخاک سپێردرا.
 
سەردار ئۆرتاچ، چەندین جار لە کۆنسێرتەکاندا هێرشی بە کۆمەڵی کرایە سەر و چەقۆ و چەنگاڵباران کرا. ئەو هونەرمەندە چەندین جار داوای لێبوردنی کردووە. تەنانەت ساڵی 2013 لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی "ئەوکات تەمەنم 24 ساڵ بوو. گەنج بووم و هاندرابووم. ئێستا کە سەیری خۆم دەکەم قێز لە خۆم دەکەمەوە. بەڵام سەیربکەن لە دەوروبەری من، عەدنان شەنسەس هەیە، کە تەمەنێکی هەیە." 
 
ئەو بابەتەش بەردەوام لە رۆژەڤی تورکیایە. بەشێک لەو هونەرمەندانەی ئەو شەوە لەوێ ئامادە بوون، باس لەوە دەکەن گوایە لەو کاتەی بەرپەرچی ئەحمەد کایا درایەوە و هەڵسوکەوتی نەژادپەرستانە کرا، لەوێ نەبوون.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان ساڵی 2013 کە ئەوکاتە سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، لە شەوی خەڵاتەکەدا هێرشیان کردە سەر ئەحمەد کایا، "بەشێک لەو هونەرمەندانەی ئەو شەوە هێرشیان کردە سەر ئەحمەد کایا، ئێستا یەکێکیان دەڵێت ئەوکاتە من لە توالێت بووم، ئەوەی دیکە دەڵێت لەو کاتەدا لە دەرەوە بووم. هەمووتان لەوێ بوون. ئێمە لە ڤیدیۆکاندا ئێوە دەبینین." 
 
لەدوای ئەو گوتانەی ئەردۆغان، زۆربەی ئەو هونەرمەندانە پەیتا پەیتا داوای لێبووردنیان لە بنەماڵەی ئەحمەد کایا و هەوادارانی کرد.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە