رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەڵێ، راپۆرتی کۆمیسیۆنی پرۆسەکە پەسند کراوە و ئێستا نۆرەی رێکخستنی یاساییە. گوتیشی: "پێویستە دەستبەجێ کەجەکە هەڵبوەشێنرێتەوە".
دەوڵەت باخچەلی، ئەمڕۆ سێشەممە 24 ـی شوباتی 2026 لە گوتارێکدا کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا پێشکەشی کرد، رایگەیاند: "لە وڵاتەکەماندا تورک چی بێت، کوردیش هەر ئەوەیە. ئابڕووی تورک، ئابڕووی کوردە. نامووسی کورد، نامووسی تورکە. شەرەفی تورک، شەرەفی کوردە".
باخچەلی، گوتیشی، رەنگە لە هەندێک قۆناخی مێژووی کۆماردا بەهۆی هەڵوێستی ئایدیۆلۆژییەوە هەڵە کرابێت، بەڵام بنەمای سەرەکیی دەوڵەت، هاووڵاتیبوونی یەکسانە.
"کۆمیسیۆنی پرۆسەکە تابۆکانی شکاند"
باخچەلی، باسی کارەکانی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کرد و گوتی: "کۆمیسیۆن 20 کۆبوونەوەی کردووە، راپۆرتە ئامادەکراوەکە پەسند کراوە کۆمیسیۆنەکە بە تێگەیشتنێکی دیموکراتی و بەشداریکەرانە کاری کردووە."
باخچەلی باسی لەوەش کرد، راپۆرتەکە گرنگترین بەشی پرۆسەکە پێکدەهێنێت. کاردانەوەی تووندی بەرامبەر بەو کەسانە نیشان دا، کە کارەکانیان بە کەم زانی و گوتی: "نابێت هیچ کەسێک بە کەم سەیری ئەو کارانەی کۆمیسیۆن بکات کە کردوونی".
باخچەلی، رایگەیاند، نەخشەڕێگەی پەیوەست بە پرۆسەکە روون بووەتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە قۆناخی داهاتوو رێکخستنی سیاسی و یاسایی دەبێت و ئاماژەی بەوەش کرد، بە بێدەنگبوونی چەکەکان، سیاسەت دێتە گۆ.
باخچەلی، گوتی: "دەبێت چوارچێوەی رێکخستنە یاساییەکان بەبێ ئەوەی رێگە بە تێڕوانینی لێبووردن و بێسزایی بدرێت، دیاری بکرێت."
سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە، باخچەلی گوتی: "گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی کە واز لە چەک دەهێنن بۆ نێو کۆمەڵگە، بە شێوەیەکی قۆناخبەندی و بەبێ زیانگەیاندن بە هەستی دادپەروەری، جێبەجێ دەکرێت."
"پێویستە دەستبەجێ کەجەکە هەڵبوەشێنرێتەوە"
باخچەلی، کە پێشتر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و هەندێکجار هەسەدەی دەکرد، ئەمڕۆ داواکارییەکی نوێی هەبوو و گوتی: "پێویستە دەستبەجێ کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) هەڵبوەشێنرێتەوە، دەبێت ئەم هەنگاوە بەبێ دواکەوتن بنرێت."
باخچەلی هەروەها گوتی، پێویستە لە چوارچێوەی سنوورەکانی دیموکراسیدا پێداچوونەوە بە دانانی قەییومەکاندا بکرێتەوە "پێویستە دڵنیایی بدرێت کە هەردوو ئەحمەدەکە (ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانیی مێردن و ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت) لە پۆستەکانیان دابنرێنەوە". باخچەلی گوتیشی: "کاتێک دەرەوەمان دەکوڵێت، نابێت ناوخۆمان بکوڵێنین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ