رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ 38 کەس دەرکرد کە بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەو شارەدا کردبوو؛ هێزە ئەمنییەکانیش لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا سەرجەم داواکراوەکانیان دەستگیرکرد.
رۆژی سێشەممە، 24-03-2026، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 38 کەس دەرکرا. تۆمەتی ئەو کەسانە "بانگەشەکردن بۆ پەکەکە و کەجەکە"یە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆز لەو پارێزگایەدا.
دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان بۆ سەر چەند ناونیشانێکی جیاواز دەستپێکرد و هەر 38 داواکراوەکەیان دەستبەسەرکرد. رێکارە یاساییەکان بەرامبەر دەستبەسەرکراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش بەردەوامە.
شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان تەنیا ئیستەنبووڵی نەگرتووەتەوە؛ دوێنێ دووشەممە لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، شەش کەسی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران.
تۆمەتی ئەو کەسانەی ئامەد، "بەرزکردنەوەی پانکارت و وێنەی ئەندامانی پەکەکە" بووە لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی نەورۆزی ئەو شارەدا.
ساڵانە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆز لە تورکیا و باکووری کوردستان، هێزە ئەمنییەکان چاودێرییەکی تووند دەخەنە سەر دروشم و وێنە و هێما بەکارهاتووەکان و بەو هۆیەشەوە دەیان کەس رووبەڕووی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرکردن دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ