رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، هیچ هێڵێکی سووریان لەگەڵ 'سەرکردایەتیی دامەزرێنەر' (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) نییە و جەخت دەکاتەوە کە "تورکیای بێ تیرۆر" دەبێتە دەروازەی برایەتیی هەتاهەتایی نێوان کورد و تورک. دەشڵێت: "دوای جەژن هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەی چارەسەری دەستپێدەکەن."
رۆژی سێشەممە، 24-03-2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ئاسۆکانی پرۆسەی چارەسەری و کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان.
باخچەلی لە گوتارەکەیدا وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە دەگیران و گوتی: "ئەو بوختانچییانەی دەڵێن هێڵێکی سوور لەنێوان ئێمە و سەرکردایەتیی دامەزرێنەردا هەیە، گەلی تورک هێڵی سوور بەسەر ناویاندا دەهێنێت. ئێمە هیچ هێڵێکی سوورمان لەگەڵ ئەو (ئۆجەلان) نییە. کات گەورەترین دەرمانە و ئارامگرتنیش بەهێزترین چەکە."
سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی پرۆسەی چارەسەری، سەرۆکی مەهەپە ئاشکرای کرد کە دوای پشووی جەژن، رێکخستنە یاسایی و دیموکراسییەکان قۆناخ بە قۆناخ لە پەرلەمان جێبەجێ دەکرێن. گوتیشی: "کەوتووینەتە رێ و ئینشەڵڵا دەگەینە مەبەست. پێویستە خۆمان لە لێدوانە ئازاربەخشەکان بەدوور بگرین و رێگە نەدەین پرۆسەکە بخنکێندرێت."
دەوڵەت باخچەلی دیدگای خۆی بۆ ئایندەی تورکیا روونکردەوە و رایگەیاند، دروستکردنی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" گەورەترین گەرەنتییە بۆ ئاشتی و ئارامی. باخچەلی گوتی: "تورکیای بێ تیرۆر، بەهاری برایەتیی هەتاهەتایی تورک و کوردە. ئێمە سوورین لەسەر لەناوبردنی تۆوی دووبەرەکی و دەمانەوێت تورکیایەکی بەهێزتر بونیاد بنێین."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پرۆسەیە تەنیا پرسێکی سیاسی نییە، بەڵکو "هۆشیارییەکی حەڵاڵە" لە بەرامبەر ئەوانەی دەیانەوێت نان و بژێوییان لەسەر جەنگ و تێکدانی برایەتیی گەلان بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ